رێبوار حەمەلاو شوانی
وشەی ئەنفال ، وشەیەکی عەرەبییە بە واتای دەستکەوت بەکاردێت ئەویش نەک بەو واتایەکی کە ڕژێمە ڕووخاوەکەی بەعس بەکارهێنا بۆ زیندە بەچاڵکردنی زیاتر لە 200 هەزار منداڵ و ژن و گەنج و پیر وەک بیانوپاساوێک بۆ ڕێشەکێشکردنی مۆڕکی نەتەوایەتی گەلی کورد و وێرانکردنی زیاتر لە 5000 گوند و کانیاو دارستانەکانی کوردستان خەونی گۆڕینی دیموگرافیا و جوگرافیا و دەست بەسەرداگرتنی سەروەت و ساماننی کوردستان .
پرۆسەی بەدناوی ئەنفال پرۆسەی سڕینەوەی نەتەوەی کورد بوو کە لەلایەن دڕندەترین ڕژێمی ئەوکاتە ئەنجامدرا کە بەناجۆرترین شێوە لە جیهاندا گەیشتە پۆپەی دەسەڵات و بەسەر لاشەی قوربانییەکاندا سەرکەوت و ئەو تاوانەی کە پێی هەستا بەشێکە لە تۆڵەسەندنەوەی لەمێژوو . هەروەها ناولێنانی پرۆشسەکە بە ( ئەنفال)، کە سورەتێکی قورئانی پیرۆزە خۆی لەخۆیدا مەستێک هەڵدەگرێت .
ئەو هۆکارەی کە بووە هۆی ئەوەی ڕژێمی بەعسی رووخاو بە شێوەیەکی زۆر فاشیزمانە و دڕندانە ، پرۆسەی ئەنفال لە دژی گەلی کورد ئەنجام بدات ، بۆ ئەو راستییە دەگەڕێتەوە کە تەنها عەرەب نەتەوەیی شایستە و پلەیەکە و هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی تر کافر و ئاگرپەرستن و بەتایبەت بۆ نەتەوەیی کورد کە دووەم گەورە نەتەوە بوو لە عێراقدا بە نەتەوەیەکی لادەر و دەرچوو باس دەکرد ، هەر ئەوەش بوو بەو زێهنیتەتە دڕندانەیە و بەناوی سوورەتی ئەنفالەوە ، بە چەند قۆناغێک پرۆسەی بەدناوی ئەنفالیان دژ بە کوردو کوردستان ئەنجامدا و شەرعییەتیان پێبەخشی ، مێژوویش گەواهیدەرە کە حکوومەتەکانی عێراق زۆربەی هێرش و پەڵاماردانەکانیان بۆ سەر کورد وکوردستان بەناو زارواەی ئاینی ناودەنا ئەوە لە پێناو بەدەستهێنانی هەست و سۆزی گەلانی موسلمان لەلایەک و لەلایەکی تریش جێبەجێکردنی نەخشەی دڕندانەی فاشیزمەکان و هەموو کاتێکیش خەسڵەتی شەڕخوازی و تێکدەیان دەخستە پاڵ کەسایەتی کورد و هەمیشە بەهەڵگیرسێنەری شەڕ و پاڵنەری شەڕ دادەنا و تا لەو ڕێگەیەوە رەوایی بە کوشتن و تاڵانکردنی سەروماڵ و وێرانکردنی کوردستان ببەخشن ، هەر ئەوەش بوو کە دوای شەڕی 8 ساڵەی عێراق و ئێران ،دەستیکرد بە وێرانکردن و کۆمەڵکوژکردننی لادێ و خەڵکەکەی .
مەستی ڕژێمی بەعسی رووخان لە سڕینەوەی مۆڕکی نەتەوەیەک بوو تا جگە لە عەرەبی فاشیزمی هیچ نەتەوەیەکی تر لە عێراقدا بوونی نەبێت و ئەگەریش هەبێت ئەوا پلە دوو یانیش پلە سێ بن ، ئەوەش جگە لە خەیاڵێکی سیاسی شکستخواردوو و وەک نەتەوەیەکی پێشڕەو یەکێتی نەتەوەیی جگە لە وێرانکاری و شکستیان هیچی لێ بەرهەم نەهات ، چونکە ئەوان هەمیشە بەچاوی عەرەبی دەیانڕوانییە خاکی کوردستان و کوردیان بە میوان دەزانی و هەر ئەوەش بوو کە کاریان بۆ شێواندنی کومەڵگەی کوردستان لە ڕووی دیموگرافی یاخود لە رووی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی کرد ، گرنگترین ئەو خەونە نەزۆکانەی کە لە پشت پرۆسەی بەدناوی ئەنفال بوون بریتین لە :
یەکەم ،، لە ناوبردنی شۆڕشی سیاسی و چەکداری گەلی کورد کە چەندین ساڵ بوو بە گەلەکۆمەکی و پیلانگێری و تیرۆر نەیتوانی خامۆش ولەناوی ببات
دووەم ،، کەمکردنەوەی ژمارەی دانیشتیوانی کورد لە کوردستاندا بە شێوازی جۆراجۆر بەتایبەتی کە خەونی هەموو ڕژێمەیەک لەدوای یەکەکانی عێراق بوو بۆ گۆڕینی دیموگرافیای دانیشتیوانی کوردستان بگۆڕن .
سێیەم ،، ئەنفالی بەدناو پرۆسیەکی ڕژێمی بەعسی رووخاو بوو بۆ بەعەرەبکردنی ناوچەکەکانی کوردستان وبەتایبەتی ناوچەی کەرکووک و گەرمیان و بوونی ئەو نەوتە زۆرەی ژێر خاکەکەی بوو هەروەها دەیانزانی کە لە پارێزگای کەرکووک زۆرینەی دانیشتیوانەکەی لە کورد پێکهاتوون و یەکەم نەتەوەن لە کەرکووک .
چوارەم ،، ڕژێمی بەعس چەندین سیناریۆ و شێوازی مەترسیداری بۆ شێواندنی مێژوو و کەلتووری کوردستان گڕتەبەر ، دوا ڕێگەی ئەوە بوو کە بە ڕێگەی پرۆسە و شاڵاویی بەدناوی ئەنفاڵ بە هەموو گەلانی ناوچەکە و جیهان بڵێت کە نەتەوەی کورد دژی ئاڕامی و سەقامگیرین لە عێراقدا .
پێنجەم ،، هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی کەسایەتیی نەتەوەی کورد لێکترازانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان نێوان هۆز و خێزانە جیاجیاکانی کوردستان
شەشەم ،، هەوڵدان بۆ تواندنەوەی داب و نەرینی ڕەسەنی کورد و نیشتەجێکردنیان لە سەر کۆمەڵگە زۆرە ملێ کاندا ، بەو پێیەی کە ئەوە ژیانێکی مودێرن و پێشکەوتووە ، لە هەماکاتیشدا زیان گەیاندن بوو بە ئابووری کوردستان و پیادەکردنی سووتاندنی زەوی کشتوکاڵی و چوڵکردنی ناوچە نەوتییەکان و شێواندنی دیموگرافیایی ئەو ناوچانەی کە کوردی تێیدا نیشتەجێن و دەستەمۆکردن و پەکخستنی شۆڕشی کورد .
دەتوانین بڵێن کە لە پاش جەنگی جیهانی دووەمەوە ،ئەنفال بە یەکێک لە گەورەترین کارەساتە مرۆڤایەتیەکان کە تێیدا زۆرترین قوربانی لێکەوت بێتەوە و لە سەردەستی ڕژێمی بەعسی فاشیزمی ئەنجام درا بێت کە ئامانجی تێکدان و شێواندنی رەوشی دیموگرافی کورد و، سڕینەوە لەناوبەردنی گەلی کوردبوو لە باشووری کوردستان هەژمار دەکرێت و تا ئێستاش بڕین و ئاسەوارەکانی لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و جوگرافی و ئابوورییەوە سارێژنەکراوە و زێهینیەتی ئەنفالکردن و ئازاردانی گەلی کورد لە نێو مێشکی فاشیزمەکانی عێراق دەخوڵێتەوە و ئەگەر دوێنی بەناوی ئەنفاڵەوە هەوڵی سڕینەوە و لەناوبردنی کوردوکوردستانیان دەدا ئەوەتا ئەمڕۆ بە چەکی دادگای نادەستووری وبڕینی مافە رەواکانی کوردستان دڕێژە بەو پرۆسە قێزەوەنە دەدەن، بەڵام خەڵکی کوردستان بە خۆڕاگری و ئیرادەی پۆڵاینیەوە رووبەڕوویان وەستاتەوە و خۆیان بۆ ناچەمێنێتەوە تا گەیشتن بە ئامانج و گشت مافەرەواکانی .