زۆرێک لە وڵاتانى ئەوروپا کارى کونسلخانەکان و گەشتەکانیان ڕاگرت
بەختیار سەباح-زارى کرمانجى:
بەهۆی پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەرى هێرشى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، زۆرێک لە وڵاتانى ئەوروپا گەشتى ئاسمانى و کارەکانى کونسلخانەکانیان لە ئێران راگرت.
بەهۆی بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆمپانیای لوفتانزای ئەڵمانی گەشتەکانی بۆ تاران و بە پێچەوانەوە ڕاگرت.
وڵاتى ئەڵمانیا هۆشداریی بە هاووڵاتییەکانی دا بۆ ئەوەی ئێران جێبهێڵن و دەڵێت: “مەترسیی هەڵچوونێکی کتوپڕ هەیە.”
لاى خۆیەوە وڵاتى هۆڵەندا کارەکانى کونوسڵخانەکەى لە هەولێر ڕاگرت، بە هەمانشێوە هۆڵەندا باڵیۆزخانەکەی لە تارانی پایتەختی ئێران داخست.
وڵاتى بەریتانیا، هاووڵاتییانى خۆى ئاگادار کردەوە، کە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست جێ بهێلن.
ئاژانسی ڕۆیتەرز کارمەندانی خۆی لە بەسرە ئاگادار دەکاتەوە کە مووشەکەکانی ئێران بە ئاسمانی شارەکەدا تێدەپەڕن و داوایان لێدەکات ئامادەکاری بکەن.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئیسرائیل داوا لە کارمەندەکانی دەکات لەبەر ڕۆشنایی هەڕەشەکانی ئێران گەشت بۆ دەرەوەی شارەکان نەکەن.
ئاژانسی میهری ئێران بڵاویکردۆوەتە، هاتوچۆی ئاسمانی، لە ئاسمانی تاران ڕادەگیرێت بە هۆی “مەشقی سەربازی”.
لە لایەکى دیکەوە، پوتین سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا دەکات بۆ تاوتوێکردنی پەرەسەندنی نێوان ئیسرائیل و ئێران.
ئەمڕۆ شەممە، 13ى نیسانى 2024، میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، دوای ھۆشدارییەکەی جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێران لە ھێرشکردنە سەر ئیسرائیل، دەسەڵاتدارانی ئێران لە رێگەی وڵاتانی عەرەبییەوە پەیامێکیان ئاراستەی ئەمریکا کردووە.
لە پەیامەکەدا رایانگەیاندووە، ئەگەر واشنتۆن دەستوەردان بکات لە کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان تاران و تەلئەبیب، ھێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە دەکەنە ئامانج و لە ھەموو رێگەکانەوە ھێرشیان دەکەنە سەر.