شەهلا رەشید- مێرگەسۆر:
بەرپرسی ناوەندی وەرزش و لاوانی مێرگەسۆر، باس لە كاروچالاكییەكانی وەرزی هاوین دەكات كە بۆ قوتابییان و لاوانی دەڤەرەكە دەكرێنەوە.
هێرش رەشید، بەرپرسی ناوەندی وەرزش و لاوانی مێرگەسۆر، بە زاری كرمانجی راگەیاند: كارەكانمان بۆ دوو بەشی سەرەكی دابەشكردوونە، یەكەم بۆ قوتابییەكانە، ئەویش خولێكی تۆپی پێیە بۆ هەموو قوتابخانەكانی بنەڕەتی و ئامادەیی لەسەر ئاستی پەروەردەی مێرگەسۆر، پلانی دووەمیش بۆ گەنجان كە گشتگیرترە ئەویش كردنەوەی خولی تۆپی پێیە بۆ ئەوانەی گوندنشینن دەتوانن لە هەر گوندێك چەند تیپێك بەشدار بن.
بەرپرسی ناوەندی وەرزش و لاوانی مێرگەسۆر، گوتیشی: بۆ یەكەمینجار خولی فەرمانگەكان لە قەزاكەمان دەكەینەوە، بۆ ئەوەی تێكەڵاوییەك لەنێوان هاووڵاتییان و بەرپرسی فەرمانگەكان دروست ببێت، هەروەها چەندین خولی دیكەش وەك تۆپی باڵە، ماڕاسۆنی راكردن، تێنسی سەرمێز، پایسكلسواری و پێگەیاندنی گەنجان، دەكەینەوە هەوڵماندا لینكێكی ئۆنڵاینیش بكەینەوە بۆ ئەوەی گەنج و لاوانی سنوورەكە بتوانن لەم لینكە حەز و ئارەزووەكانی خۆیان بخەنەڕوو.