زارى کرمانجى-سۆران:
ئەمڕۆ شەممە، 13ى نیسانى 2024، میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، دوای ھۆشدارییەکەی جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێران لە ھێرشکردنە سەر ئیسرائیل، دەسەڵاتدارانی ئێران لە رێگەی وڵاتانی عەرەبییەوە پەیامێکیان ئاراستەی ئەمریکا کردووە.
لە پەیامەکەدا رایانگەیاندووە، ئەگەر واشنتۆن دەستوەردان بکات لە کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان تاران و تەلئەبیب، ھێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە دەکەنە ئامانج و لە ھەموو رێگەکانەوە ھێرشیان دەکەنە سەر.
رۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا فەرمانی کردووە بە جوڵاندنی دوو کەشتی جەنگی کە سیستەمی بەرگری مووشەکییان لەسەرە بۆ چەند پێگەیەکی دیاریکراوە بۆ ئەوەی بەرگری لە ئیسرائیل بکەن لە کاتی ھێرشی ئێراندا بۆسەر ئەو وڵاتە.
لای خۆیەوە، یواف گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاندووە، بە ھاوکاری و پشتیوانی ھاوپەیمانەکانیان ھەموو ئامادەکارییەکیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھێرشی ئێران کردووە.