مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان ڕاگەیاند ئەمجارە ئێران ڕاستەوخۆ هێرش دەكاتە سەر ئیسرائیل.
حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان لە مەراسیمی ڕێزلێنان لە كوژراوەكانی كونسوڵخانەكەی ئێران ئاشكرای كرد “لەوانەیە ئیسرائیل پێی وابێت ئێران لە وڵاتی سێیەمەوە هێرش دەكاتە سەریان، بەڵام ئەمجارە وانییە و تۆڵەكردنەوەكەی ئێران جیاواز دەبێت بەوەی كە ڕاستەوخۆ هێرش دەكاتە سەر ئیسرائیل.”
نەسروڵڵا كە هاوپەیمانێكی نزیكی ئێرانە، لەبارەی هێرشكردنە سەر كونسوڵخانەی ئێران گووتی “هێرشەكە تەنیا بۆ سەر سووریا نەبوو، بەڵكوو ئەوە هێرشێك بوو بۆ سەر تەواوی خاكی ئێران.”
هەفتەی ڕابردوو ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی كردە سەر كونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی سووریا و دوو فەرماندەی باڵا و پێنج ئەفسەری ئێرانی كوشت، لەبەرامبەردا عەلی خامنەیی ڕاگەیاند “ئیسرائیل پەشیمان دەكەینەوە و گورزی لێدەدەین.”