مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی:
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم ڕاگەیاند دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان كە داواكاری بۆ بوون بە چاودێر لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان پێشكەش دەكەن، لە ڕسوماتی داواكردنی پشتگیری بۆ زانكۆ و پەیمانگە حكومییەكان ببەخشرێن.
لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا هاتووە “لە پێناو ڕەخساندنی دەرفەت بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان، لە گشتاندنێكدا بە ژمارە (784) لە ڕێكەوتی (2024/4/7) وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كە ئیمزای د. ئارام محەممەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی لەسەرە و ئاراستەی گشت زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان كراوە.”
ئەوەش خراوەتە ڕوو “پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزارەت و بڕیاری ژمارە (86) لە (2016/5/2) بڕیاری دا بە بەخشینی ڕسوماتی داواكردنی پشتگیری بۆ زانكۆ و پەیمانگە حكومییەكان بەمەبەستی پێشكەشكردن بۆ بوون بە چاودێر لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە ڕۆژی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.”
