زاری كرمانجی-سۆران:
بەرپرسێكی وەزارەتی ئەقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات كە بۆ دیاریكردنی یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز پشت بە هیچ وڵاتێك نابەستن، جەختیش دەكاتەوە كە ئەمڕۆ دووشەممە بۆ چاودێری و بینینی مانگ كۆ دەبنەوە.
نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەقاف و كاروباری ئایینی گوتی: ئەمڕۆ دووشەممە پێش بەربانگ، لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، چاودێریی بینینی مانگ دەکەن بە مەبەستی دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان.
هەروەها گوتی: ئەگەر بە بەڵگەوە ئەمڕۆ دووشەممە مانگ بینرا ئەوا ڕۆژی سێشەممە واتە سبەی یەکەم ڕۆژی جەژن دەبێت، بەڵام ئەگەر مانگ نەبینرا، ڕۆژی چوارشەممە دەبێتە یەکەم ڕۆژی جەژن.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ڕەتیشی کردەوە بۆ دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژن پشت بە هیچ وڵاتێک ببەستن و گوتی: تا ئێستا ناتوانین پێشبینی بکەین کەی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە، چونکە ئەم پرسە پەیوەندیی بە شەریعەتەوە هەیە.
وەزارەتی ئەقافی هەرێمی كوردستان لەگەڵ زۆربەی وڵاتان رۆژی دووشەممە رێكەوتی 11ی ئاداری 2024ی وەك یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاری كرد، بۆ یەكەم رۆژی جەژنی ڕەمەزان تا ئێستا لەنێوان رۆژی سێشەممە و چوارشەممە یەكلایی نەبۆتەوە.