زاری کرمانجی-سۆران:
ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی نیسانی 2024، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ”ئەمڕۆ لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور ناوچەکەمان دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی بارانبارین، ئاسمانی سەنتەری پارێزگاکان و ناوچە شاخاویییەکان و تەواوی ناوچە جیاجیاکان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارانبارین و هەورە تریشقە”.
لەبارەی کەشی سبەینێ دووشەممە، ئاشکرایکرد، بارانبارین بەردەوامی دەبێت بە تایبەت لە کاتەکانی بەرەبەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک و بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای هەولێر.
هاوکات لە دوای نیوەڕۆوە کاریگەری ئەم بارانبارینە درێژ دەبێتەوە بۆ سەر سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و پاشان بۆ سەر سنووری ئیدارەی گەرمیان و بەشێک لە پارێزگای کەرکووک، لە ئێوارەی دووشەممەوە تا ڕادەیەک بارانبارین کەم دەبێتەوە زیاتر ئاسمان هەور و نیمچە هەور دەبێت.