بەختیار سەباح-زاری کرمانجی:
لە سنووری ئیدارەی سۆران، لەلایەن تیمێکی تایبەتی فەڕەنسی، بە هاوکاری بهڕێوهبهرایەتی گشتیی كاروباری مینی ههولێر، بڕیار وایە ئەمساڵیش مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگییە نەتەقیوەکان، کە لەلایەن تیمەکان کۆکراونەتەوە، بە تەکنیکی تایبەت لەناو ببەن.
عهلی عهبدولڕهحمان، بهڕێوهبهری گشتیی كاروباری مینی ههولێر، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند :” ساڵی رابردوو تیمی راهێنەری تەقەمەنی (EOD 6 RG) وڵاتی فەرەنسا، هاوکارمان بوون بۆ دابینکردنی ماددەی ( TNT ) بۆ لەناوبردنی مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی نەتەقاوە، بە تەکنیکی تایبەتی خۆیان، ئهمساڵیش ئەو تیمە ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی ئەو پارچە تەقەمەنییانەی کۆکراونەتەوە بە کۆمەڵ لەناوییان ببەین”.
گووتیشی: ”ئێستە له سنووری پارێزگای ههولێر ( دوو هەزار) مین و پارچە تەقەمەنی و پاشماوهی جهنگی، لەناو شاری هەولێرو قەزای سۆران و چۆمان و گوندو ئاواییەکان کۆکراونەتەوە، له كۆگای گشتیی بەڕێوەبەرایەتی هەڵگیراون، بۆ ئەوەی لە کاتێکی دیاریکراو لەلایەن تیمی ڕاهێنەری وڵاتی فەڕەنسا لەناو ببرێن”.