زاری كرمانجی-سۆران
ماوەیەكە لە تۆڕە كۆمەڵاتییەكان و لە لایەن خەڵكانێكەوە بە ناوی كۆمپانیای حەج و عومڕە، یا بەناوی تاكەكەسی بانگەشەی حەجی بازرگانی دەكرێت لە هەرێمی كوردستان، گوایە ئەم حەجە ئێستا بەردەستە و هیچ گرفتێكی نییە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان ئاگاداری هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە، كە شتێك بە ناوی حەجی بازرگانییەوە نییە، لە هەرێمی كوردستان و تەنانەت لە عێراقیش، ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكرێت بردنی خەڵكە بە ڤیزای ساڵی، یاخود ڤیزای بازرگانی، كە ئەمەیش لە لایەن وەزارەتی حەجی سعوودییەوە قەدەغە كراوە و رێگە پێدراو نییە بۆ ئەداكردنی حەج و هەر كەسێك دەستگیر بكرێت بە پێی رێنمایی وەزارەتی حەج سزای قورسی دەبێت.
لێرەوە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان ئاگاداردەكەینەوە، كە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە بەرپرس نییە لەم جۆرە حەجكردنە، هەر كەسێكیش لە سعوودیە تووشی كێشە ببێت لەسەر ڤیزەی ساڵی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە بە هیچ شێوەیەك بەرپرسیاریەتی هەڵناگرێت، داوا لە هاووڵاتیانیش دەكەین ئاگاداری ئەم كارەبن بۆ ئەوەی سەروەت سامانیان بە فیرۆنەچێت و لە كاتی ئەنجامدانی ئەو جۆرە حەجكردنە دووچاری كێشە و گرفتی نەخوازراو نەبنەوە و ژیانیان نەكەوێتە مەترسییەوە.
لە كۆتایشدا هۆشداری دەدەینە هەر كۆمپانیا و كەسێك ئەگەر مۆڵەتی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، بانگەشەی حەجی لەم جۆرە دەكەن ئەوا لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا دەكرێت تا ئەندازەی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی كاركردنیان لە بواری حەج و عومڕە لە هەرێمی كوردستان و تەنانەت لە عێراقیش.