ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی لە وتارێكیدا ئاماژە بەوە دەدات: دوای هەوڵ و ماندووبوونی هەردوو حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێم بۆ كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، توانرا چارەسەرێك بۆ كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم بدۆزرێتەوە”.
سیپان شێروانی، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی نووسیویەتی ” دوای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوو ڕێككەوتنێك لە نێوان هەردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەرێمی كوردستان واژۆ كرا بە مەبەستی چارەسەری كێشەكانی نێوان هەردوولا، چەندین لایەنی شۆڤینی و تێكدەر ویستیان ئەم ڕێككەوتنە لەبار ببەن، بەڵام لە كۆتاییدا بە هەوڵ و كۆششی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان چارەسەرێك بۆ گرفتی مووچە دۆزرایەوە و كێشەی مووچە چارەسەر كرا و توانرا زاڵ بن بەسەر ئەو كۆسپ و گرفتانەی دەخرانە بەردەم ڕێككەوتنەكان”.
سیپان شێروانی زیاتر نووسیویەتی ” لێرەوە تەقدیری هەوڵەكانی محەمەد شیاع سوودانی و مەسرور بارزانی دەكەین و هەروەها هەموو ئەو لایەنانەی هاوكار و پشتیوان بوون لە دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ گرفتی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان”.
سیپان شێروانی، لە كۆتاییدا روونیكردۆتەوە”جێی ئاماژەیە لە كۆتاییدا هەر گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن چارەسەری بنەڕەتین بۆ تێپەڕاندنی دۆخە سەختەكان. لێرەوە پیرۆزبایی لە تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكەین و هیوادارین ئەم دەستكەوتە، دەستپێكی گەڕاندنەوەی شادی و كۆتاییهاتنی قەیرانی دارایی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بێت لە سایەی هاتنەكایەی لێكتێگەیشتنی سەرۆك وەزیران محەممەد شیاع سوودانی و سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی”.