شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، ئەوانەی رێواس یاخود هەر گیایەكی بەهاری كۆ دەكەنەوە تكایە زۆر بە ئاگایانە ئەم كارە بكەن بۆ ئەوەی لەناو نەچن.
د. بەدر سورچی، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و پزیشكی پسپۆڕی گیادەرمان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” سەرەتا بەر لەوەی باسی سوودەكانی رێواس بكەم، دەمەوێ لەم بابەتە تەندروستییەدا ئاماژە بەوە بكەم كە هەر گیایەكی بەهاری سوودی تەندروستی خۆی هەیە، بەڵام ئەوانەی سەردانی سروشت دەكەن بۆ هێنانەوەی ئەم گیایانە تكایە بە ئاگایی لێیان بكەنەوە و بە رەگەوەهەڵمەكێشن چونكە دەبێتە هۆی لەناوچوونیان، هەروەها لەكاتی كۆكردنەوەیان هەندێك بهێلنەوە بۆ ئەوەی گول و تۆ بكەن و لەناو نەچن.
ئەم پزیشكە، گووتیشی” بەهار وەرزی جوانی و گەڕانە بەنێو سروشتدا، لەمەش گرنگتر ئەوەیە دەتوانین سوود لە گیار بەهارییەكان وەرگرین، هەروەها رێواسیش یەكێكە لە خۆشترین بەسوودترین بەرهەمی ئەم وەرزە، بۆیەش جگە لەوەی كە دەیخۆن هەندێكیش وشك بكەن بۆ ئەوەی بتوانن لە وەرزەكانی دیكەش لێی سوودمەند بن.
سوودەكانی رێواس بریتین لەمانە:
-سەرچاوەیەكی سەرەكی ڤیتامینەكان و دژە ئۆكسانە.
-سوودی هەیە بۆ كەمكردنەوەی كاریگەری دەرمانی كیمیاوی و مادەژەهراوییەكانی.
- بۆ ئازاری گەدە و دڵە كزە و ریخۆڵە .
ـ پێست جوان دەكات و گەنجیەتی دەپاڕێزێت، بۆ كەمكردنەوەی زیپكەش سوودی هەیە. - تەندروستی جگەر و دڵ و توانای بینین دەپارێزێت.
- ئازاری جومگە و ئێسكەكان كەم دەكاتەوە.
- پاڕێزگاری لە كلۆر بوونی ددان دەكات.
- تاڵەكانی قژ بەهێز دەكات و لە هەوڵوەرین دەیپارێزێت.
- ئارام بەخشە
- ئارەزووی خواردن زیاد دەكات.
- بۆ چارەسەری كۆلیرا و سكچوون و كۆلۆن بەسوودە.
- سوودی هەیە بۆ تەنگەنەفەسی و سییەكان.
- ئەوانەی كە مایەسیریان هەیە و خۆێنی لێ دێت.
- كالسیۆمی زۆری تێدایە و یەكێكە لە سەرچاوە باشەكانی دابینكردنی بۆ لەشی مرۆڤ.
د. بەدر سورچی، ئاشكراشی كرد” ئەوانەی بەردی گورچیلەیان هەیە بەتایبەتی بەردی ئۆگزلاتی، نابێ رێواس بخۆن، چونكە بەرد دروست دەكات، هەروەها منداڵی خوار تەمەن چوار ساڵیش نابێت بیخوات و پێویستە توێكلەكەشی بە باشی لێ بكرێتەوە و بەتوێكڵەوە نەخورێت.