شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ باس لە سوود و زیانەكانی تیشكی خۆر دەكات، هەروەها ئاشكراش دەكات: كە باشترین كات بۆ چوونە بەر هەتاو چ كاتێكە.
د. كامەران رەسوڵ، پزیشكی پسپۆڕی زانستی خۆراك، بە زاری كرمانجی راگەیاند” ئاشكرایە لای هەمووان كە تیشكی خۆر سەركیترین و گرنگترین سەرچاوەی ڤیتامین D یە، بەداخەوە كەمی ئەم ڤیتامینە لەناو زۆربەی هاووڵاتییان گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدار بەرادەیەك بە دەگمەن كەسێك ڤیتامین Dەكەی نزیكە لە رێژەی ئاسایی، هەرچەندە زۆربەی ئەو كەسانە پێشتر بەشێوەی دەرمان وەریانگرتووە.
ئەم پزیشكە، ئاشكراشی كرد” باشترین كات بۆ چوونە بەر هەتاو لە نێوان كاتژمێر 8 -10ی بەیانییە و بەتایبەت لە نێوان كاتژمێر 9 -10ی بەیانی، رۆژانە بۆ ماوەی 15- 30 خولەك، هەروەها پاش كاتەكانی 3 ی دوای نیوەڕۆ سوودی كەمە، بەڵام مرۆڤەكان بە گوێرەی تەمەن، رەگەز، رەنگی پێست، باری تەندروستی و ئاستی ڤیتامینەكە لە خوێنیان دا دەتوانن بچنە بەر تیشكی خۆر واتە بەپێی پێویست دەگۆڕێت، هەروەها چوونە بەر تیشكی خۆر سوود و زیانەكانی خۆی هەیە و دەبێ بزانن چ كاتێك گونجاوە بۆ خۆدانە بەر هەتاو.
گرنگترین سوودەكانی تیشكی خۆر بریتین لەمانەی خوارەوە:
ـــ گرنگترین سەرچاوەی ڤیتامینDیە وەك ئاماژەمان پێداوە.
-چارەسەرە بۆ كەم خەوی و تێكچوونی خەو.
-باشترین رێگە چارەیە بۆ خۆپاراستن و چارەسەركردنی خەمۆكی، دڵتەنگی، دڵەڕاوكێ و ئارامبوونەوی باری دەروونی، هەروەها بۆ چارەسەری هەندێ نەخۆشی دیكەی دەروونی.
- بۆ بەهێز كردنی بینین و پارێزگاری لە تەندروستی چاوەكان و خۆپاراستن لە كورت بینی، زۆر گرنگە مرۆڤ لە تەمەنی 10- 35ساڵی بۆ تەندروستی چاو، راستەوخۆ با تیشكی خۆر نەدات لە چاو و چاویلكەی بەرخۆر بەكاربیهێنن.
-بۆ چارەسەری هەندێك جۆر نەخۆشی پێست وەك سەدەفی، ئێكزیما و ڤتیلایگۆ. - چارەسەری زەردوویی لە كۆرپەی تازە لەدایكبوو، لەم حاڵەتەدا منداڵەكە لە پشت پەنجەرە دابنرێت و نابێ هەرگیز راستەوخۆ خۆر لێی بدات.
- پارێزگاری لە پەستانی خوێن و شەكرە و نەخۆشییەكانی دڵ و هەندێ جۆری شێرپەنجەی وەك مەمك و ریخۆڵە و پڕۆستات دەكات، زاناكان هۆكاری ئەمە دەگێڕنەوە بۆ ڤیتامین D بەڵام چەند لێكۆڵینەوەیەكی تر ئاماژە بۆ سوودەكانی تری تیشكی خۆر دەكەن.
- یارمەتی دابەزینی كێش دەدات و رێگری لە قەڵەوی دەكات.
د. كامەران رەسوڵ، گووتیشی” هەرچەندە باشترین كات بۆ چوونە بەر هەتاو سوودی زۆرە بەڵام زۆر چوونە بەرهەتاویش بۆ ماوەیەكی زۆر بەتایبەت لە وەرزی هاوین، كاتژمێر 10ی بەیانی بۆ 4ی ئێوارە، چەند زیانێكی هەیە كە لە خوراەوە ئاماژەیان پێدەكەین:
-شێرپەنجەی پێست، دوای كاتژمێر 10ی بەیانی لە وەرزی هاوین زۆر مەچۆنە بەرخۆر و لە یەك كاتژمێر زیاتر لە بەر هەتاو مەمێنەوە ئەگەر پێویست نەكات و دوای كرێمی دژەخۆر بەكار بێنە، هەروەها شێرپەنجەی پێست زوو هەستی پێ دەكرێت و ئاسانتر چارەسەر دەكرێت، بەڵام جۆرەكانی تری شێرپەنجە وەك مەمك، ریخۆڵە و پڕۆستات كە لە بێهزی كۆئەندامی بەرگری جەستە ئەگەری تووشبوون پێیان زیاد دەكات و كەمی ڤیتامین D یەكێكە لە هۆكارەكانی، بۆیە چوونە بەرهەتاو و پابەندبوون بە رێكارەكانی خۆپاراستن گرنگترە . - زیاد بوونی ئەگەری دروستبوونی ئاوی سپی لە چاو، راستەوخۆ با تیشكی خۆر نەدات لە چاو و چاویلكەی بەرخۆر بەكاربێنە.
- وشكبوونەوەی پێست و جەستە و سووتانی لەو رۆژانەی زۆر گەرمە و خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو و شلەمەنی، خواردنی سەوزە و میوەی دەوڵەمەند بە ئاو رێگری دەكات لەم گرفتانە.