زوهری ئێدلبی
پۆز لێدان بە ئوتۆمبێلی گرانبەها دیاردەیەكی ناشیرینە و لە هەموو دونیا دەبینرێت، بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر رەنگی داوەتەوە، چۆنكە رۆژئاواییەكان بەرهەمی دەهێنن و رۆژهەڵاتییەكان بە پارەیەكی مفت بە دەستهاتوو دەیكڕن، واتە ماندوو بوونیان پێیەوە نەبینیوە. ئەمە دیاردەیەكە هەڵقۆلاوی ناخی كەسانێكن كە خۆیان هیچیان پێ نییە شایانی ئەوە بێت پۆزی لێبدات و شەڕی دەرۆنی لەگەڵ گەنجانی نەدار بكات، بەڵكوو تەنها پارە و ئۆتۆمبێلی هەیە، ئەگەر ئەمانە لێیوەرگریەوە، شتێكی دیكەی پێی نییە بۆ خۆ نمایشكردن.
ئەو دیاردەیە وەكوو ئەوە وایە گاڵتە بە هەست و سۆزی خاوەن پێداویستییەك بكەیت. چونكە ئەم ئوتۆمبێلانە هی كەسانێكی دەوڵەمەندن كە لە ناو كۆمەڵگە بە گەندەل ناسراون.
گەشتكردنیش ئاساییە بۆ هەموو كەسێك، كەسێك هەیە دڵی بە گەشتێكی چەند كاتژمێری خۆش دەبێت بۆ دەرەوەی شار و تام و چێژی زیاترە لەو گەشتەی كەسێكی دەوڵەمەند بۆ دەرەوەی وڵات دەكات، لێرەدا كوالێتی و شوێن و مەبەستی گەشتەكە گرنگە، خەڵكی رۆژهەڵات حەز لە خۆ دەرخستن دەكات، بە تایبەت كورد بەهۆی ئەوەی بە درێژایی مێژوو هەر چەوسێنراوە و دونیای لێی بەرتەسك كراوە، ئێستا كورد چاو كراوەتر بووە و شانازی بەوەوە دەكات خەڵك ببینن و بزانن چووەتە وڵاتێكی دیكە.
دەبینین رۆژئاواییەكان بە پێ و بە پایسیكل و بە كەرەستەی سادە گەشت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن و تەنها چەند وێنەیەكی یادگاری دەگرن و بەس، چونكە مەبەستیان ئەوە چێژ لەو گەشتە ببین بە بینینی سروشت و جوانی كەش و هەوا و مرۆڤ و كەلتووری جیاواز، بینینی وڵاتێكی نوێ و وەرگرتنی زانیاری نوێ، نەك بۆ پۆز لێدان و شەڕی دەروونی مرۆڤەكانی دیكە.