مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سیاسەتمەداری دیاری كورد، مەحموود عوسمان بە نیگەرانەوە باس لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەكات لە هەمبەر هەرێمی كوردستان و پێی وایە بڕیارەكانی زیانی زۆریان بە قەوارەی هەرێم گەیاندووە.
لە دیمانەیەكی لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا، د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری دیاری كورد نیگەرانی خۆی نەشاردەوە بەرامبەر ئەو بڕیارانەی لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە دژ بە هەرێمی كوردستان دەركراوە و دەڵێ “بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق بە تەواوی قەوارەی هەرێمی كوردستانیان لاواز كردووە، چونكە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی نەهێشت و گۆڕانكاری لە یاسای هەڵبژاردن كرد و كۆتاكانی نەهێشت،” دەشڵێت “هەر ئەوەندە ماوە بڕیارێك دەربكات و بڵێت هەرێمی كوردستان شەرعی نییە، چونكە لە كاتی سەددام دروست بووە.”
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، مەحموود عوسمان باس لەوە دەكات كێشە ناوخۆیییەكانی پارت و لایەنە سیاسییەكانی كورد لە باشووری كوردستان ڕێگە خۆشكەر بووە بۆ دەستتێوەردانی دەرەكی و ئەم پەرتەوازەیییە وای كردووە حكومەتی عێراق بە ئاسانی بتوانێت بڕیار و ئامانجەكانی بەسەر هەرێم بسەپێنێت و دەڵێ “ئەمەی ئێستا بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، هۆكارەكە كێشەكانی نێوان خۆیانن، چونكە ئەگەر یەكگرتوو ببوونایە، نە دادگای فیدراڵ بڕیاری دەردەكرد نە بەغداش دەیتوانی دژی بوەستێتەوە، بەڵام ئێستا حكومەتی عێراق ئەم پەرتەوازەیەی پێ خۆشە تا كوردستان لاواز دەربكەوێت.”
لەبارەی بوونی دەستی دەرەكی لە هەڵبژاردنەكانیشەوە، سیاسەتمەدارە دیارەكەی كورد دەڵێ “دەستی دەرەكی لە نێو خۆی كوردستان و عێراقدا بە ئاشكرا بوونی هەیە، لەلایەن ئێران بە نمرەی یەكەم و دواتر دەستتێوەردانەكانی توركیا، بەڵام ئێران لە هەمووی زیاترە و لەم هەڵبژاردنەش بە هەمان شێوەیە.”