محەممەد مەحموود- رواندز:
یەکێک لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیجییەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ئێستادا کاری پێداچوونەوە بە دیزاین و دەرخستەی دەکرێت بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا بکەوێتە واری جێ بەجێ کردن، ئەویش بەنداوی رواندز لە ناو خەرەند.
ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای رواندز بە زاری کرمانجی راگەیاند” بە مەبەستی بە دواداچوون بۆکارەکانی بەنداوی رواندز، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی بەنداوەکانمان کرد، لە رێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە هەوڵی تەواو دراوە بۆ ئەو پڕۆژەیە، لە ئێستادا جارێکی تر لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران داوای پێداچوونەوە بە دەرخستەو دیزاینی پڕۆژەی بەنداوی رواندز کراوە”.
قایمقامی رواندز باسی لەوەشکرد” ئێمە بەردەوام کارمان لەسەر ئەو پڕۆژە گرنگ و ستراتیجییە کردووە بۆ ئەوەی بکەوێتە واری جێ بەجێ کردن، پێشتر دیزانێک کرابوو، بۆ بەنداوی رواندز، لەسەر داوای ئەنجومەنی وەزیران جارێکی تر دیزاین و دەرخستەی ئەو بەنداوە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی بەنداوەکانیش ئاماژەی بەوە کردووە ” لەو کۆبونەوەیەدا کە ژمارەیەک لە سەرۆک بەشەکان ئامادەی بوون ، باس لە یەکخستنی هەوڵەکان کرا بۆ بوژانەوەی ژێرخانی پرۆژەی ئاو لە سنووری ئیدارەی سۆران و بەتایبەت بەنداوی رواندز کە خەرەند دەکاتە دەریاچە و دیزاینەکەی تەواو کراوە و پێویستی بە پێداچونەوەی بەهای ئابووری و دابینکردنی بودجەی پێویست هەیە.