مەهدی محەممەد-زاری كرمانجی :
دەستەی مافی مرۆڤ لە نووسراوێكدا هۆشداری بەو كەسانە دەدات كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا كەسانی بەخشراو بەكار دەهێنن و دەڵێ لە داهاتوودا ڕووبەڕووی سزای توند دەبنەوە.
بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆیی بەخشراوەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سووكایەتی پێكردنیان بە مەبەستی كۆكردنەوەی لایك و كۆمێنت، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هێنایە دەنگ و لە ڕاگەیاندراوێكدا دەڵێ لە داهاتوودا هەر كەسێك لەو ڕێگایەوە سووكایەتی بە بەخشراوەكان بكات ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە .
سلێمان موحسین، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان لەم بارەیەوە ڕاگەیاند “لەڕێگەی نووسراوێكی فەرمییەوە داوامان لە داواكاری گشتی كردووە، ڕێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو كەسانە بگرێتە بەر كە كەسانی بەخشراو بەكار دەهێنن بۆ ئامانجەكانی خۆیان، بەتایبەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان،”
دوای داواكارییەكەی دەستەی مافی مرۆڤ، داواكاری گشتی نووسراوێكی بۆ سەرجەم فەرمانگەی شارەكان ناردووە كە ڕێكاری یاسایی پێویست بەرامبەر ئەو كەسانە بگرنە بەر كە ئەم جۆرە كارانە دەكەن.