” ویژدانم نا ئاسودەبوو کاتێک ئێمەی مامۆستایانی میلاک و فەرمی مووچەمان وەرگرت و ئەوان هێشتا موچەیان بۆ نەهاتووە “
زاری کرمانجی – سیدەکان:
لە قەزای سیدەکانی سەر بەئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەڕێوەبەرێک پارەی تەواوی بۆ مامۆستایانی وانەبێژی دابین کرد و ئەمڕۆ دەستی بە دابەشکردن کرد .
م . خالید خورشید بەڕێوەبەری قوتابخانەی گۆشینەی بنەڕەتی لە سیدەکان، بەزاری کرمانجی ڕاگەیاند:” دوای ئەوەی پارەی مامۆستایانی وانەبێژ لەکاتی خۆی دواکەوت، وەک ئەرکێکی مرۆیی و هەست کردن بەبەرپرسیارەتی و ڕاچاوکردنی دۆخی دارایی مامۆستاییانی وانەبێژ لە هەمان کات نزیک بوونەوە لە جەژنی رەمەزان، توانیم پارەی تەواو کە نزیکەی نۆ ملیۆن دینار بوو بۆ مووچەی 22 مامۆستای وانەبێژ لە قوتابخانەکەمان دابین بکەم .
بەڕێوەبەری قوتابخانەی گۆشینە لە سیدەکان، دەڵێت:” مامۆستایان بەو پەڕی دڵسۆزیەوە دەوام دەکەن و ئەرکی پیرۆزی خۆیان کە پەروەردە و فێرکردن بەجێدەگەینن، بۆیە ویژدانم نا ئاسودە بوو کاتێک ئێمەی مامۆستایانی میلاک و فەرمی مووچەمان وەرگرت و ئەوان هێشتا موچەیان بۆ نەهاتووە، بۆیە بڕیارمدا مووچەیان پێبدەم هیوادارم مامۆستایان سودی لێببینن.
قوتابخانەی گۆشینە یەکێکە لە قوتابخانە گەورەکانی قەزای سیدەکانە، ماوەی چەندین ساڵە دامەزراوە و سەدان قوتابی بنەڕەتی هەیە، بەهۆی زۆری قوتابییانی، قوتابخانەکە کراوەتە دوو دەوامی بەیانیان و ئێواران .