زاری کرمانجی-سۆران:
مەترسییەکی گەورە لەسەر ئابووری عێراق و بەتایبەتی ئەو داهاتە هەیە کە حکومەتی عێراق لە فرۆشتنی نەوتەوە دەستیدەکەوێت، ئەمە لە نووسراوێکی بانکی ناوەندیدا ئاشکرا بووە کە بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی ناردووە.
نووسراوەکە رۆژی دووشەممە، 18-3-2024 دەرچووە، تایبەتە بەو هەژمارە بانکییەی کە عێراق لە بانکی فیدراڵیی ئەمەریکا هەیەتی و داهاتی نەوتی تێدا کۆدەکاتەوە کە بە دۆلارە، دواتریش بەپێی پێویستییەکانی خۆی و بەگوێرەی رێککەوتنی لەگەڵ ئەمەریکا ئەو دۆلارە بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانی بەکاردەهێنێت.
لە نووسراوەکەدا کە واژۆی عەممار خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی لەسەرە؛ باسی لەوە کردووە، ئەمەریکا ئەو هەژمارەی داخستووە کە تا ئێستا داهاتی نەوتی عێراقی تێدا کۆکراوەتەوە، هەژمارەکە بە ناوی (دی ئێف ئای)یە واتە سندووقی گەشەپێدانی عێراق لە ساڵی 2003ەوە کاری پێ دەکرێت و لەژێر چاودێری و پاراستنی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکادا بووە.
کامەران قادر یەعقوب، پسۆری دارایی و بانک، ئاماژە بەوە دەکات؛ مەترسییەکە لەوەدایە نەمانی ئەو هەژمارە، بە واتای ئەوە دێت، چیدیکە داهاتی عێراق لە هەژمارە نوێکەدا کە ناوی (عێراق دوو)ە، وەکو پێشتر پارێزراو نابێت لە ئەگەرێکدا کە ئەمەریکا بیەوێت کێشە بۆ عێراق دروست بکات.
لە خاڵی دووەمی نووسراوەکەدا هەندێک زانیاری نوێ خراوەتەڕوو ئاماژە بەوە دەکات؛ عێراق لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمەریکی گرێبەستی هەبووە بۆ گواستنەوەی دۆلارەکانی لە ئەمەریکاوە بۆ عێراق، گرێبەستەکە بەشێوەیەک بووە، کە عێراق بڕی 441 هەزار دۆلاری وەکو پارەی دڵنیایی داوەتە کۆمپانیاکە و کرێی گواستنەوەی هەر کاروانێکی دۆلاریش 216 هەزار و 310 دۆلار بووە