محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی:
حەفسە مەولود رۆژباش، چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ئەندامی مەكتەبی پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دیدارێكی زاری كرمانجی قسە لەسەر دۆخی ئازادی ژنان و چەند پرسێكی تری پەیوەست بە یەكسانی جێندەری و هاتنە پێشی ئافرەتان لەسەرجەم كایەكان باس لێوەدەكات و لە دەستپێكا ئاماژەی بەوەكرد” دۆخی ژنان لە هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكانەوە لە پێشكەوتن و باشتر بوون دایە، دۆخێكە بەهۆی گەشەسەندنی هزرو بیرو تێگەیشتنی زیاتری ژنان و ئافرەتانمان لە رۆڵ و كاریگەری خۆیان لەنێو كۆمەڵگا ئەو بەرەو پێشوە چوونەی بەخۆیەوە بینیوە، ماوەی پێنج ساڵ بۆ دۆخی ئافرەتان بەنموونە وەرگرین زۆر بەروونی هەست بەو پێشكەوتنە دەكەین، لەكاتێكدا لە كۆمەڵگای كوردستاندا ئافرەتان هەردەم رۆڵی سەرەكی و كاریگەریان بینیوە و بۆ پێشخستنی هەموو كایەكانی ژیان زۆر جارو لە زۆربەی جومگەكانی ژیاندا ئەركیان لە پیاو زیاتر بینیوە و راپەڕاندووە”.
ئەو چالاكوانە پێشی وایە هێشتا عەقڵیەتی پیاو سالاری لە نێو كۆمەڵگەی كوردی زاڵەو وەك خۆی دەڵێت” كۆمەڵگای كوردی لە روانگەی كومەڵناسییەوە كۆمەڵگایەكە باوك سالاری و پیاو سالاری هێشتا تێدا زاڵە، دەكرێ بڵێین وێرای پێشكەوتنەكانی سەردەم و كرانەوەی و خۆگونجاندنی لەگەڵ سەردەمی دیجیتەڵی، بەڵام هزرو ئەقڵیەتی پیاوسالاری جێ پێ خۆی لە نێو كلتوورو داب و نەریت و هەڵسوكەوتی رۆژانەماندا تووند كردووە، بەڕادەیەك ژنان و كچانمان لە نێو زۆر لە خێزانی كوردستاندا ناگەنە هێنانەدی ئاوات و ئامانجەكانیان، بەڵكو خەونەكانیان بەهۆی هزرو دەسەڵاتی پیاوسالاری دەپوكێتەوە، كە وا ئەڵێین مانای ئەوەناگەینێ ئافرەتانمان بەتەواوەتی تەسلیمی دەستی قەدەری باوك سالاری بوونە، نەخێر ئەم بابەتە پرسێكی رێژەییە لە شارێك بۆ شارێك، لە ناوچەیەك بۆ ناوچەیەك، لە خێزانێكەوە بۆ خێزانێك لە گۆڕاندایە و گۆڕاوە و نەگۆڕو جێگیر نییە”.
لەبارەی پشكداری ئافرەتان لە سێكتەرەكانی حكوومڕانی حەفسە مەولود، باس لە گرنگی بەشداری كارای مێینە دەكات و رایگەیاند” ئەوەی گرنگە ئافرەتان و ژنان بەشداری كارایان هەیە لە سێكتەرەكانی حوكمڕانی كۆمەڵگای كوردی، خودی ئەم بەشداریی كردنە لە سێكتەرەكانی حوكمڕانی سیاسیی و كارگێڕی لە كۆمەڵگای كوردیدا ئەوە دەسەلێمنێ كە پرسی جێندەری و یەكسانی جێندەری هاوكۆكە لەگەڵ رۆڵ و بایەخ و كاریگەڕی ژنان بە سەر پیاوانی كۆمەڵگادا، پێویستە ئەوەش بێنینە پێش چاو ئەمڕۆ ئافرەتانمان بەراستەقینەیی رۆڵی كارای خۆیان دەبین لە نێو سێكتەرەكانی حوكمداریەتی لەكۆمەڵگای كوردستاندا، نەك وەك نمایشێك بۆ بابەتی جێندەری یا یەكسانی، مێژووی خەباتی ئافرەتی كوردیش ئەوەی سەلماندووە كە ئافرەتانمان هەردەم سەركردە و رابەرو پێشەنگی خەباتی كۆمەڵگای خۆیان بوونە”.
حەفسە مەولود، بۆچوونی خۆی لەسەر كۆچی گەنجان دەربڕی و روونی دەكاتەوە ئەم كۆچە كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر كەمبوونەوەی پڕۆسەی هاوسەرگیری زیاتر گووتی” كۆچی گەنجان یەكێكە لە پرسە هەرە گەرمەكانی ئەمڕۆی كۆمەڵگای كوردستانی و بووەتە بابەتێكی مەترسی داری كۆمەڵگاو خێزانی كوردستانی بەجۆرێك كاریگەری لەسەر زۆر لە پرسەكان داناوە، لەو پرسانەش پڕۆسەی هاوسەرگیریی و پێكهێنانی خێرانە كە لە دوولاوە كاریگەری ناوەتەوە، ئەو گەنجەی سەڵتە كە كۆچ دەكات وڵات جێ دێڵێیت كاریگەری دەبێ لەسەر پڕۆسەی هاوسەرگیری، ئەو كەسەی خێزانداریش بێ شیرازەی خێزان و سیستەمی هاوسەرگیری لێك هەڵدەوەشێنێتەوەو دەیخاتە بەردەم چەندین ئەگەری نەخوازراو تا ئاستی لێدابڕان و جیابوونەوە، ئەم پرسە كاریگەری زۆری لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی داناوە و كۆمەڵگای كوردستانی خستۆتە نێو چەندین گرفت و رووداوی نەبیندراو و هەست پێنەكراو بە رادەیێ تاكەكانی نێو خێزان و كۆمەڵگا پێیەوە دەناڵێنن و دەتلێنەوە و بوونەتە ئازار چێشتەی دەستی كۆچ و جێهێشتنی وڵات، بەتایبەتیش كۆچی بە نایاسای و سنوور بەزاندنی وڵاتان و نێودەریاكان وەك ئەو كارەسات و تراژیدیای ئەو كۆچانەی دەیبینین”.