زاری كرمانجی-سۆران
مامۆستایەكی زانكۆ دەڵێت: ” ئەگەر باوك و براشت بە دڵی تۆ مامەڵە نەكەن، تەنانەت خراپیش بن، نابێت باوك و برایەكی بیانی بێنیتە سەر ماڵ و نیشتیمانی دایكت.
د.یادگار ئیسماعیل نووسەرو مامۆستای زانكۆی سۆران گووتیشی: ” ئەگەر باوك و براشت بە دڵی تۆ مامەڵە نەكەن، تەنانەت خراپیش بن، نابێت باوك و برایەكی بیانی بێنیتە سەر ماڵ و نیشتیمانی دایكت، هەر وەكو نمونەیەك، كە پەندوەرگرتنێكی بەرچاو و زیندووە، بەشێكی بەرچاوی خەڵكی دیار هاوڕێی نیوەڕێگەی “پارتی” بوون و لە ئێستاشەوە ترسنۆك و ئاڵافڕێدەر و كۆنەجاشەكانی حزبی بەعس لە خۆڕێكخستنەوەن بۆ داهاتووێك، كە هیوای بۆ دەخوازن… ئەوانەی شەڕی ناوەخۆیان لەبیرە، باشتر لەمە تێدەگەن”.
دەشڵێت: ” مرۆڤ ئازادە چۆن بیر دەكاتەوە، بەڵام جاشایەتی بێگانە و داگیركار هیچ پاساوێك هەڵناگرێت، خراپترین كورد لە باشترین ناكورد باشترە، ئەمە بیركردنەوەی نەتەوەیی و نیشتمانییە، نەك هاوڕێ بوونی نیوە رێگە، ئەوەش گرنگ نەبێت، كوردبوون و كوردایەتی و كوردستانیی بوون، كە دووەمیان كەمێك سیاسییە، هیچ پەیوەندیان بە كار و شێوازی كاری پارتە كوردییەكان یان حكومەت نییە؛ كوردبوون سروشتی و خواكردە، ڕاكردن لێی جاشایەتییە! هەلوێستە، زمانە، جلوبەرگ و ناسنامە و مامەڵە و گوتار و خۆناسینە”.
ئاماژە بەوەش دەدات: ” بارودۆخە شلۆق و نالەبارەكان زۆر جار بێهیوایی زیاتر دەكەن، ڕەشبینیی و راستییبینی تێكەڵ دەكەن؛ وا دەكەن مرۆڤ ئاسایی بیر نەكاتەوە و ترس و ترس لە داهاتوو باڵ بەسەر بیركردنەوەیدا بكێشێت. لەو بارودۆخانە دوو جۆر مرۆڤ لاوازتر دەردەكەون؛ سەنگەر چۆڵ دەكەن و پشت لە گشتی دەكەن: یەكەمیان كەسی بێ بنەما و بەها؛ دووەمیان هەندێك تۆپەڵە خەڵكی كۆمەڵایەتی، كە هەر رۆژە و حەوساڵی دەستی لایەن و دەست و تاقم و رژێمێكن و كوردبوون تەنیا لە جل و بەرگ بەرجەستە دەكەن و ڕۆحیشیان گەندەڵ و ڕەش و ئاوێتەیە بە ڤایرۆسی داگیركار.