سەردار قازی ـ زاری كرمانجی:
لە بەردەوامی هەڵمەتی چاكسازی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەوڵی بڕینی مووچە نایاساییەكان دراوە.
چوار هەزار و 189 كەس دوو مووچەیان هەبووە، مووچەیان بڕدراوە، بەشێك لەوانە دوو مووچەی خانەنشینی، یان مووچەیەكی خانەنشینی و مووچەیەكی فەرمانبەریان هەبووە، ئەوانە مووچەیەكیان بە تەواوی بڕدراوە.
لەو ژمارەیە دوو هەزار و 200 كەس كە مووچەی خانەنشینیان هەبووە و وارسیان نەبووە و مافی مووچەیان نەماوە، مووچەكانیان بڕدراوە.
حازم گۆران، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی هەرێمی كوردستان زانیاری نوێ لەبارەی بڕینی مووچەی بەشێك لەخانەنشینان روونكردنەوە دەدات و دەڵێت:” هەر خانەنشینێك كۆچی دوایی دەكات و منداڵی خوار هەژدەساڵی نەماوە و منداڵی لە زانكۆ نییە، یان خێزانی نەماوە، ئەوا یەكسەر مووچەی خانەنشینییەكەی دەبڕدرێت و پارەكە بۆ گەنجینەی حكوومەت دەگەڕێتەوە”.