مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ژمارەی ئەو كۆڵبەرانی لە ماوەی مانگی ڕابردوو بوونەتە قوربانی بڵاو كردەوە.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆماركراوەكان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە مانگی ئادار 13 كۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەكانی كوردستان گیانیان لەدەستداوە و 78 دیكەش برینداربوون.
هۆكارەكانی گیان لە دەستدان و برینداربوونی كۆڵبەران، هەر وەكوو لە ئاماری هەنگاو هاتووە، 4 كوژراو و 54 بریندار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەكانی ئێران بووە، هەروەها چواری تریش بە هۆی هەڵدێران لە شاخ گیانیان لەدەستداوە و 12 دیكەش برینداربوون، دوو كۆڵبەر بە هۆی سەرماوە ڕەقبوونەتەوە، هاوكات چواریشیان بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون و دوو كۆڵبەری دیكەش بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
لە ناو قوربانیان 6 منداڵی كۆڵبەر هەن، كە یەكێكیان بە هۆی سەرماوە گیانی لەدەستداوە و پێنجەكەی تریان بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی سنوور پارێزەكانی ئێران برینداربوونە.
زۆرترین قوربانییانیش لە پارێزگای سنە بووە بە گیان لەدەستدانی حەوت كۆڵبەر و برینداربوونی 37 ی دیكە.