“پارتی داوای ڕەوای هەبووە، بە جێبەجێنەكردنی داواكانیشی، بەشداری لە هەڵبژاردن ناكات”.
” هەڵبژاردن بەبێ پارتی هیچ شەرعیەتێكی ئەخلاقی و یاسایی نییە و نابێت”
شیرین فواد مەعسووم، رایگەیاند ” هەر هەڵبژاردنێك بەبێ پارتی دیموكراتی كوردستان بكرێت، هیچ شەرعیەتێكی ئەخلاقی و یاسایی نییە و نابێت”.
شیرین فواد مەعسووم، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان روونیكردەوە ” پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەشدارینەكردنی لە هەڵبژاردن، ڕێگری لەو پلانانە دەكات كە دژ بە قەوارەی كوردستان، لە لایەن دەستێكی دەرەكییەوە پلانی بۆ دانراوە.”
زیاتر روونیكردەوە ” پارتی جیا لە حزبەكانی تر، ئەمانەتی خاك و نیشتمانمان لەسەر شانە، بۆیە هەڵبژاردن بەبێ پارتی هیچ شەرعیەتێكی ئەخلاقی و یاسایی نییە و نابێت.”
شیرین فوئاد لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی پارتی داو گووتی ” پارتی وەك حزب و وەكوو نوێنەری كورد، هەڵوێستەكانی دەڕدەبڕێت و بیر لە گیرفان و مەرز و دروستكردنی میلیشیا و لەتكردنی نیشتمان ناكاتەوە. پارتی وەك خاوەنی ڕاستەقینەی هەرێمی كوردستان و خاوەن دەوڵەت بە بەرپرسیارییەتییەوە بڕیار دەدات، بۆیە هیچ كەس و هێز و لایەنێكی دەرەكی و ناوەكی توانای ئەوەیان نییە هەرێمێك هەڵبوەشێننەوە كە بە خوێنی گەل دروست بووە”.
لە بارەی ئەو دەنگۆیانەی لە لایەن هەندێك لایەنی و كەسەوە كە گوایە پارتی بیانوو دەگرێت تا بەشداری هەڵبژاردن نەكات روونیكردەوە ” پارتی حزبێك نییە كاتی ئەوەی هەبێت بیانوو بگرێت. پارتی داوای ڕەوا و فەرمی هەبووە، بە جێبەجێنەكردنی داواكانیشی، بەشداری لە هەڵبژاردن ناكات. بۆیە بڕوای تەواوم هەیە كە شكۆی ئەم پرۆسەیە دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە ئەگەر ئەنجام بدرێت. ئێمە هەموومان لە پارتی قوتابی ڕێبازێكین كە نە دەزانین خۆ چەماندن چییە، نە دەزانین ببین بە نۆكەری ئاغا و سیغەكانیش. ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی 76 ساڵ خەبات و شكۆ و قوربانیدانین، هەڵبژاردنەكانی پێشووتر شایەدی ئەوەمان بۆ دەدەن كە كێ دەترسێت و كێ پەنای بۆ وڵاتان بردووە تا ژمارەی كورسییەكانی بۆ زیاد بكات.”
لە بەشێكی دیكەی دیمانەكەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، شیرین فوئاد مەعسوم گووتی ” پارتی لەوەتەی هەیە، نە ترسی لە دەستكەوتی حزبی هەیە، نە بیریشی لێ دەكاتەوە، چونكە چەندان جار بەشداریی هەڵبژاردنی كردووە. پارتیمان ئیمانی تەواوی بە پڕۆسەیەكی دیموكراسی هەیە، لە هەڵبژاردن چەند كورسی بهێنێت ئەوە كێشە نییە، كێشەكەی ئێمە ترسە لە سڕینەوەی یەكجاریی پێكهاتەكان و ڕێگەنەدان بە بەشداری كردنی هەزاران دەنگدەر.”