مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
هێزە تایبەتییەكانی سوپای ئیسرائیل لە نەخۆشخانەی شیفا كشانەوە و بزووتنەوەی حەماس یش ڕاگەیاند “300 كەس بە مردوویی لە ناو نەخۆشخانە دۆزراونەتەوە.”
تەلەڤزیۆنی فەلەستین ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوی كردەوە كە سوپای ئیسرائیل بە تەواوی لە ناوەوە و دەوروبەری كۆمەڵگەی شیفا لە ڕۆژئاوای غەززە كشاوەتەوە.
هەروەها سەرچاوە پزیشكییەكانی بزووتنەوەی حەماس یش ڕایانگەیاند “دوای كشانەوەی هێزەكانی ئیسرائیل لە كۆمەڵگەی شیفا لە شاری غەززە، ٣٠٠ كەس بە مردوویی دۆزراونەتەوە.”
سوپای ئیسرائیل، هەفتەی ڕابردوو ڕاگەیاند كە چەكدارانی بزووتنەوەی حەماس لە ناو (یەكەی فریاكەوتن) لە نەخۆشخانەی شیفا، تەقەیان لە سەربازانی سوپا كردووە.
هاوكات دوێنێ یەكشەممە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل پشتڕاستی كردەوە كە هێزەكانی ئیسرائیل زیاتر لە ٢٠٠ چەكداریان لەو كۆمەڵگە پزیشكییە كوشتووە.