و: زارى کرمانجى-سۆران:
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دانی بەوەدانا کە ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە ڕۆژی یەکشەممە بەڕێوەچوو، “خاڵێکی وەرچەرخان” بۆ پارتەکەی پێکدەهێنێت، بەڵام بەڵێنیدا “رێز لە بڕیارەکەی میللەت بگرێت”.
لە پێگەى شەرقلئەوسەت بڵاوبۆتەوە، ئەردۆغان لە وتارێکدا بۆ جەماوەرو لایەنگرانی لە بارەگای پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار وتی: بەداخەوە ئەو ئەنجامەمان بەدەست نەهێنا کە دەمانویست. ئەنجامە بەشەکیەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە ئۆپۆزسیۆن دەستکەوتی بەرچاوی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بەدەستهێناوە کە لە سەرانسەری وڵاتدا بەڕێوەچوو.
ئەردۆغان ئاماژەى بەوەشکردووە، ”بێگومان ئێمە ڕێز لە بڕیارەکەی میللەت دەگرین و خۆمان لە سەرسەختی و ڕەفتارکردن بە پێچەوانەی ئیرادەی نەتەوەیی و پرسیارکردن لە هێزی میللەت بەدوور دەگرین”.
هەروەها پارتی کۆماریخوازی گەلی ئۆپۆزسیۆن ڕایگەیاند ”کە شارەوانییەکانی ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە دەهێڵنەوە، ئەمە جگە لەوەی دەستکەوت لە شارەکانی دیکەدا بەدەست دەهێنێت کە لە مێژە پارتی داد و گەشەپێدان زاڵ بووە”.