ئا: بەختیار سەباح- زاری کرمانجی:
ئەمڕۆ 31ی ئازار ساڵیادی كۆڕەوی ملیۆنیی گەلی كوردستانە، کە 33 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ گەلی کورستان لە باشوور، حکومی تاکڕەویی و دیکاتۆری رەتکردەوە.
دوای سەركەوتنی راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 و ئازادكردنی سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، رژێمی ئەوكات هێزێكی زۆری دژی هەرێم كۆكردەوە، بەهۆیەوە هەزاران هاووڵاتی بە ناچاری ماڵوحاڵیان جێهێشت و روویان لە سنوورەكانی ئێران و توركیا كرد. ئەم كۆچە، بە كۆڕەوە ملیۆنییەكەی ساڵی 1991 ناسراوە.
دوای ئەوەی لە 21ی ئاداری 1991، شاری کەرکووک ئازادکرا، کە دواین شاری کورد بوو لە دەستی ڕژێمی بەعس ئازاد کرا، هەر ئەو رۆژە پێشمەرگە بە کردنەوەی مەشخەڵی ئاگری نەورۆز سەرکەوتنی کۆتایی ڕاگەیاند و کەرکووکی دڵی کوردانی کردە دوا وێستگەی ئازادی گەلی کورد.
ڕژێمی لێخراوی بەعس، لە ڕاپەرینی گەلی کورد ترسی زۆری لا دروستبوو، چونکە لەلایەک تەواوی شارە کوردییەکان و دام و دەزگا داپلۆسێنەرەکان، کەوتنە ژێر دەستی پێشمەرگەو جەماوەری کوردستان، لەلایەکی دیکە بەهۆی پەلاماردانی کوێت و داگیرکردنی، فشارێکی زۆری نێودەوڵەتی لەسەر بوو.
کۆڕەو پەیامێک بوو بۆ جیھان، کە کورد برسێتی و ئاوارە بوونی لە مانەوە لەژێر دەستى بەلاوە گرینگتر بوو
بۆیە هەر زوو ھەڵمەتێکی بەرفراوانی دەستپێکرد بۆ سەر کوردەکانی باشووری کوردستان، بە مەبەستی داگیرکردنەوەی ئەو شارانەی کە لە ڕاپەڕین ئازاد کراون، چەندین جاریش هێڕشی کردە سەر هەولێرو کەرکووک، دواین جار لە 31ی ئاداری 1991، هێرشی فراوانی کردە سەر شاری هەولێر، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بیخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی و دام و دەزگا داپلۆسێنەرەکانی بێنێتەوە شارە ئازاد کراوەکان و گەلی کوردی پێ سەرکوت بکات. بەڵام گەلی کوردستان حکومی بە یەک دەنگی و بە تێکڕا حکومی تاکڕەویی و دیکتاتۆری و ژێر دەستەیان ڕەتکردەوەو برسێتی و ئاوارەییان هەڵبژارد و کۆڕەوەی ملیۆنییان بۆ سنوورەکانی ئیران و تورکیا دەستپێکرد.
رژێمی بەعس، ھەستی بە مەترسی کۆڕەوەکە کردبوو، ھەربۆیە بە مەبەستی دامرکاندنەوەی ڕاپەڕین و بۆ کەمکردنەوەی فشارە نێونەتەوەیییەکانی سەر عێراق ھەوڵیدا بە چەند بەڵێنی ساختەوە بەرەی کوردستانی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت تا ببێت پەیامێک بۆ جیھان کە کۆڕەو کارەسات نییە.
لە گەرمەی کۆڕەوە ملیۆنییەکەدا گەڵانی ئازادی خوازی جیھان لە مەینەتی کورد ھاوسۆزبوون ھەروەھا فشار بۆ دەوڵەتەکاندا دروست بوو کە دەبێت پشتیوانییەکی نێونەتەوەیی بۆ کورد بکرێت. کۆڕەوی ملیۆنی کە پشتگیری نێونەتەوەیی بە دوای خۆیدا ھێنا نەیھێشت دەستکەوی ڕاپەرین بە فیڕۆ بچێت لە ڕێگەی جووڵاندنی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیییەوە بوو کە ناچاری کرد پشتگیری لە کورد بکەن کۆرەو پەیامێک بوو بۆ جیھان کە کورد برسێتی و ئاوارە بوونی لە مانەوە لەژێر ڕژێمی سەددامدا بەلاوە پیرۆزترە.
لە گەرمەی کۆڕەوە ملیۆنییەکەدا، گەڵانی ئازادی خوازی جیھان لەگەڵ مەینەتی کورد ھاوسۆزبوون
بەھۆی کۆڕەوەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نێونەتەوەیی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاری دا کە ڕژێمی عێراق نابێ ھێرشی چەکداری بکاتە سەر گەلی کورد و لە ٥ی نیسانی ١٩٩١ بڕیاری ٦٨٨درا و ھەروەھا بڕیاریش درا ناوچەیەکی ئارام لە سەرووی ھێڵی ٣٦ بۆ کورد دابنرێت، ھەروەھا بڕیاردرا بە دانانی ھێزی ھاوپەیمانان لە بنکەی سەربازی (ئەنجەرلیک) لە تورکیا بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان کە ناسرابوون بە (ھێزی چەکوشی ئامادە). ناردنی ھێزی چەکداری بۆ پاراستنی خەڵکی لە کاتی گەڕانەوەیاندا ئەم بڕیارە بووە ھۆی دامەزرانی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ٤ی تەممووزی ١٩٩٢.
ناوچەی دژە فڕین ئەو سنوورەیە، کە ئێستا لەژێر دەستەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، ئەوکاتیش (دانیاڵ میتران) ھاوسەری فرانسۆ میترانی سەرۆکی ئەو کاتەی فەڕەنسا، یەکێکە لەوانەی کە ڕۆڵی سەرەکی بینی بۆ ئەوەی فەڕەنسا پرسی کورد بباتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێونەتەوەیی و وای کرد بڕیاری ٦٨٨ی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی (ناوچەی ئارام) دەربکرێت.