شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، لەم بابەتە تەندروستییەدا باسی شێرپەنجەی گەدە دەكات و نیشانەكانیشی دەخاتەڕوو.
د. عومەر حەمە غالب، پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشییەكانی هەرس، جگەر و هەناوبینی، دەڵێت” شێرپەنجەیی گەدە، بریتییە لە گەشەكردنی خانەی شێرپەنجەیی كۆنترۆڵ دەرچوو لە گەدەدا، زۆربەی حاڵەتەكانی لە ناوپۆشی گەدەوە دەستپێدەكات و بە هێواشی گەشە دەكات، ئەگەر چارەسەر نەكرێت گرێیەكی خانەی شێرپەنجەیی دروست دەبێت بۆ ناو قووڵایی دیواری گەدە گەشەدەكات، دەكرێ پەلبهاوێژێت بۆ ئەندامەكانی چواردەوری گەدە وەك پەنكریاس و جگەر، شێواز و جۆری چارەسەركردنیشی پەیوەستە بەوەی كە تا چ رادەیەك شێرپەنجەكە گەشەی كردووە و بڵاوبووەتەوە، بە گشتی نەشتەرگەری لابردنی بەشێك یان تەواوی گەدە و چارەسەری كیمیایی ئەو چارەسەرانەن كە بەكاردێن.
ئەم پزیشكە پسپۆڕە، دەشڵێت” شێرپەنجەیی گەدە، لە قۆناغەكانی سەرەتادا بەزۆری هەستی پێناكرێت و نیشانەكانی بەدەرناكەون تا ئەو كاتەی كە شێرپەنجەكە دەگاتە قۆناغەكانی دواتر، نیشانەكانیش دەكرێت ئەمانەی خوارەوە بن:
-نەمانی ئیشتیها
-ناڕەحەتی لەكاتی قووتدانی خواردن
-هەستكردن بە لاوازی و شەكەتی
-هێڵنج و رشانەوە
-دابەزینی كێش
-پیسایی رەش یان رشانەوەی خوێناوی
-هەستكردن بە سك ئاوسان وغازاتی زۆر لە دوای نان خواردن
-ئازاری گەدە
-هەستكردن بە تێری تەنانەت دوای خواردنی ژەمێكی سووك
ئەم پزیشكە ئاشكراشی كرد”زۆرێك لەم نیشانانە لە هەندێك نەخۆشییەكانی تردا هەن لەبەر ئەوە بوونی ئەم نیشانانە مانای ئەوە نییە كە شێرپەنجەت هەیە، بەڵام پێویستە سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكەیت.