هەوڵی جددی هەیە بۆ رازی كردنی پارتی، بەڵام پارتی مەرجی هەیە.
ئەمڕۆ تا دوانیوەڕۆ دیبلۆماسییەتی پارتی و بەغدا و ئەمەریكاش گەرمە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، یان دواخستنی، هەرچی پارتییە هەموو هێزو فشارەكانی خۆی خستۆتە كار بۆ دواخستنی، بەغداو دادگای فیدراڵی تا ئێستا سوورن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا.
بەپێی بەدواداچوونەكانی زاری كرمانجی پارتی سوورە لەسەر بەشدارینەكردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا و هەوڵی جدی و هەمەلایەن دەدات بۆ دواخستنی، هەرچی كۆمسیۆن و لایەنەكانی هاوپەیمانی دەوڵەت هەیە بە سودانیشەوە دەیانەوێت ئەنجام بدرێت.
لایەنی عێراقی مەترسی ئەوەی هەیە گەر هەڵبژاردن دوابخرێت، هیچ مسداقیەتێك بۆ كۆمسیۆن و دادگای فیدراڵی نامێنیتەوە و سەرجەم كارەكانی دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە بەغدا مكوڕە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا، هەرچی پارتییە فشار دەكات بۆ دواخستنی تا لەو رێگایەوە هەڵبژاردن دوا بخات و گومان لەسەر كۆی بڕیارەكانی تری دادگای فیدراڵی و حوكمڕانی بەغدا لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دروستبكات كە بەرامبەر كوردستان داویانە.
لەم گفتوگۆ گەرمەدا ئەگەرێك لە ئارادایە كە هەڵبژاردن دوابخرێت، ئەگەرێك هەیە پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان تا پێنج رۆژی دی دواخرێت و لەماوەیەدا هەندێك دەستكاری چۆنێتی هەڵبژاردن بكرێت كە چەند داواكارییەكی پارتی بگرێتە خۆی، ئەگەرێكی تر هەیە هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك دوابخرێت.
ئەمە لە كاتێكدایە كە دوێنی شەممە 30ی ئاداری 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو ئەلینا ڕۆمانسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە پارتی هەمیشە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە، بەڵام لایەنەكانی تر دووساڵ بەربەست بوون لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و ئێستاش بە پشتیوانی دەرەكی هاتوون لەڕێگەی دامەزراوەیەكی نادەستووری شێوازێكی وا لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەسەپێنن كە دوورە لە بنەما یاسایی و دەستوورییەكان، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە ساڵی 2014ـەوە یاریی سیاسی بە بودجە و قووتی خەڵكی كوردستان دەكرێت، ئەویش بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان.
سەرۆك بارزانی هێماشی بەوەدا كە شەڕی برسیكردنی خەڵكی كوردستانیان كردووە بۆ بێزاركردنی خەڵك. عێراق لەمێژە سیاسەتی گۆشەگیركردن و لاوازكردنی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەبەر و ئێستایش دادگەی فیدڕاڵ وەك چەك و ئامرازێك بۆ بەردەوامیی ئەو سیاسەتە بەكار دەهێندرێت.
زیاتر روونیكردەوە پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنە بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردنێك دایە كە شەفاف بێت و تەعبیر لە ئیرادەی گەلی كوردستان بكات و دوور بێت لە دەستوەردانی دەرەكی و سەپاندنی شێوازی نایاسایی بە جۆرێك كە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەنجامەكان لە بەرژەوەندیی خۆیان یەكلایی بكەنەوە. ناشكرێ هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت بە بێ بەشداریی پێكهاتەكان و پارلەمانێك پێك بهێندرێت كە نوێنەری پێكهاتەكانی تێدا نەبێت، هاوكات پارتی كۆمەڵێك سەرنج و تێبینیی تەكنیكی هەیە لەسەر دابەشكردنی كورسیی پارێزگاكان و شێوازی كاری كۆمیسیۆن. هەروەها پێویستیش دەكات لایەنە عێراقییەكان پابەندی ئەو ڕێككەوتنە بن كە لەكاتی پێكهێنانی ئیئتلافی ئیدارەی دەوڵەت ڕێككەوتنی لەسەر كراوە و هیچ لە خاڵەكان جێبەجێ نەكراون.