مەهدی محەممەد – ڕواندز :
خاوەنی یەكێك لە نووسینگەكانی خانووبەرە دەڵێ ئەگەر ڕێگە چارەیەك بۆ باشتركردنی ژێرخانی ئابووری ڕواندز نەدۆزرێتەوە، خەڵكێكی زۆر موڵكەكانی خۆیان دەفرۆشن و شارەكە بەجێ دەهێڵن.
یوونس ڕەوف خاوەنی نووسینگەی ڕۆژ لە ڕواندز، لە تۆماری كڕین و فرۆشتنی نووسینگەكەی زیاتر لە 300 خانوو و نزیكەی 500 زەوی تۆمار كراوە بۆ فرۆشتن، ئەو دەڵێ “فرۆشتن زۆرە و كڕیار كەمە.”
بەگشتی لە زۆربەی گەڕەكەكان و (بانەزێوك، نەورۆز، شەهیدان) بە تایبەتی، هاووڵاتییان دەستیان كردووە بە فرۆشتنی خانوو و زەوییەكانیان، یوونس هۆكاری فرۆشتنی موڵكەكانی بۆ بێ بازاڕی و خوێندن گەڕاندەوە و دەڵێ “لاوازی ژێرخانی ئابووری و بێ بازاڕی، شارەكەی گرتووەتەوە و ژیانكردن زەحمەت بووە و گەنجان كاریان دەست ناكەوێت، بۆیە خانەوادەكانیان بیر لە فرۆشتنی موڵكەكانیان دەكەنەوە و دەچنە شارە گەورەكان، هۆكارێكی تریش خوێندنە كە وای لە خێزانەكان كردووە لەبەر خاتری منداڵەكانیان ڕوو بكەنە هەولێر تا لە نزیك ئەوانەوە هاوكاری تەواوكردنی خوێندەكەیان بن.”
پێشتر زاری كرمانجی ڕاپۆرتێكی لەسەر بێ بازاڕی و داخستنی دووكانەكانی ناو بازاڕی ڕواندزی بڵاو كردبووە، كە زیاتر لە 30 دووكان داخراوە و ئێستا ژمارەكە زیاتر نەبێت كەمتر نەبووە، هاووڵاتییانی ئەو شارە دەڵێن ئەگەر ئەو ڕەوشە لە ڕواندز بەردەوام بێت، ژیان لە شارەكەدا بە یەكجاری سەخت دەبێت و ژێرخانی ئابوورییەكەی بە تەواوی دادەڕووخێت، هاووڵاتییەك كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت دەڵێ “ڕواندز خاوەنی زۆر شوێنی گەشتیارییە، بەڵام سوودی بۆ بازاڕەكەی نییە و پێویستە لە وەرزی گەشتیاری دا خەمێكیش بۆ گەرمكردنەوەی بازاڕ بخورێت و ژیانی بە بەردا بكرێتەوە، ئەگەرنا بەشێكی زۆری خەڵكی ئەو شارە موڵكەكانی خۆیان دەفرۆشن و شارەكە جێ دەهێڵن.”
“هۆتێلێك به زياتر له 200 ههزار دۆلار دروستكراوه، ئێستا به 120 ههزار دۆلار دهفرۆشرێت “
خاوەنی نووسینگەی ڕۆژ، نموونەی نرخی هۆتێلێكی گەورەی شارەكە كە ئێستا تابلۆی فرۆشتنی لەسەر هەڵواسراوە بۆ زاری كرمانجی باس دەكات و دەڵێ “لە دروستكردنی ئەو هۆتێلە زیاتر لە 200 هەزار دۆلاری لێ خەرجكراوە، كەچی ئێستا خاوەنەكەی دەیفرۆشێت و داوای 120 هەزار دۆلار دەكات.”
گرانترین خانوو لە شاری ڕواندز هەر وەكوو یوونس ڕەوف ئاماژەی بۆ دەكات، نرخەكەی لە نێوان 50 بۆ 60 هەزار دۆلارە و هەرزانترینی 30 بۆ 34 هەزار دۆلارە، زۆربهى كريارهكانيش ئي دهرهوهى شارى رواندزن.