شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، باسی سوودە تەندروستییەكانی گیا بەهارییەكان دەكات، ئەوەش دەخاتەڕوو: گیا بەهارییەكان لە كوردستان زۆرن و جگە لە تامە خۆشەكانیان چەندین سوودی گرنگیشیان هەیە.
د. كامەران رەسوڵ، پزیشكی پسپۆڕی خۆراك، بە زاری كرمانجی راگەیاند” سوودە تەندروستییەكانی ئەو گیا بەهارییانەی كە لە كوردستان هەن وەك كەنگر، پونگە، گۆزروان، كاردی، كوزەڵە، رێواس ، مێلاخە و …هتد، جگە لە تام و چێژە خۆشەكانیان سوودێكی ئێجگار زۆریشییان هەیە بە رادەیەك كە دەتوانرێن وەك رەمزی تەندروستی و لەش ساغی ناو ببرێن، بێگومان هەر گیایەكیش تایبەتمەندی و سوود و گرنگی خۆی هەیە، كە لە خوراەوە ئاماژە بە سوودەكان دەكەین.
-یارمەتی دابەزینی كێشی لەش دەدات لە كاتی رێجیم و رێگری كردن لە قەڵەوی.
-پارێزگاری دەكات لە جەڵتەی دڵ و مێشك و نەخۆشی تەسكبوونەوەی خوێنبەرەكان.
-بەسوودە بۆ بەردی زراو و كەمكردنەوەی كاریگەری لاوەكی دەرمانە ئازارشكێنەكان.
-پارێزگاری كردن لە نەرمبوونەوەی ئێسك و هەوكردنی جومگە و چەندین جۆری شێرپەنجە.
-ددانەكان دەپارێزن لە كلۆری، هەوكردن، ئاوسان و خوێنبەربوونی پووك.
-یارمەتیدەرە لە كۆنتڕۆڵكردنی ئاستی شەكرەی خوێن، هەروەها بەسوودە بۆ كەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شەكرە.
-بەهێزكردنی مووەكانی قژ و پاراستن لە سپی بوون و هەڵوەرینی.
-یارمەتی دابەزینی كولیستڕۆڵی خراپ لە خوێن و پاككردنەوەی جگەر لە ماددە ژەهراوییەكان.
-پاراستنی تەندروستی پێست و گەشبوونەوەی، نەهێشتنی چرچ و لۆچ، خاڵ و زیپكە و سیسی دەم و چاو.
-چارەسەرە بۆ قەبزی و رێگری گرتن لێی، چالاككردن و پاككردنەوەی رێخۆڵە لە ماددە ژەهراوییەكان و كەمكردنەوەی غازات.
-چارەسەری رەبۆ و خۆپاراستن لە كەمخوێنی و چارەسەركردنی.
-بەهێزكردنی كۆئەندامی بەرگری لەش و یارمەتی زوو چاكبوونەوەی برین.
-رێگری كردن لە نەخۆشی ئەلزەهایمەر و بەهێزكردنی یادەوەری، نەهێشتنی تەمبەڵی و بێ هیزی .