دواجار ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەست بە پێداچوونەوە بە یاسای مەهسا ئەمینی دەکات
لێژنەی پێوەندیی دەرەوەی سەنای ئەمریکا لە کۆتاییدا ڕایگەیاند “یەکەمین دانیشتنی فەرمیی یاسای مەهسا ئەمینی کە گەمارۆکانی زیاتری بەسەر ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لە خۆ دەگرێت، ڕۆژی سێشەممە 16-4-2024 بەڕێوە دەچێت”.
یاسای مەهسا لە ساڵڕۆژی کوشتنی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پەسەند کرا، بەڵام تاوتوێکردنی لە ئەنجومەنی پیران دواخرا.
چالاکوانانی مافی مرۆڤ کە چەند مانگێکە هەوڵی پێداچوونەوە و پەسەندکردنی ئەم یاسایە دەدەن لە ئەنجومەنی پیران، پێیان وایە بن کاردین، سیناتۆری دیموکراتەکان و سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران، ڕێگری لە تاوتوێکردنی ئەم یاسایە کردبوو.
پشکنینی یاسای مەهسا لە کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران، دوابەدوای هەوڵە بەردەوامەکانی کۆنگرەیە بۆ سەپاندنی گەمارۆی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بە هۆی پێشێلکاری بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ، بە تایبەت دوای کوشتنی مەهسا ئەمینی و ژن، ژیان، ئازادی ڕاپەڕین.
پێشتر جیم بانکز و ئێریک سوالوێڵ، نوێنەرانی کۆماری و دیموکراتەکان پلانێکی هاوشێوەی پڕۆژە یاسای مەحسایان پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کرد. لە سەرەتای مانگی ئایاردا، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە کۆی دەنگ ئەم پلانە دوولایەنەیەی پەسەند کرد بۆ پێداچوونەوەی زیاتر و ڕەوانەکردنی بۆ سەکۆی ئەنجوومەنی نوێنەران.
دوابەدوای ئەو هەوڵانە، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا بە ٤١٠ دەنگی بەڵێ و سێ دەنگی نەخێر، “یاسای مەهسا ئەمینی” دوولایەنەی پەسەند کرد.
بە پێی “یاسای مەهسا ئەمینی” بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی لەوان عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بە هۆی سەرکوت کردنی ناڕەزایەتییەکانی گەلی ئێران و پێشێل کردنی مافی مرۆڤ گەمارۆ دەدرێن.
ئەم پلانە سەرۆکی ئەمریکا پابەند دەکات بە قەدەغەکردنی پێدانی ڤیزا بە هەندێک کەسی بیانی کە پەیوەندییان بە حکومەتی ئێرانەوە هەیە و دەست بەسەر سەروەت و سامانەکانیاندا بگرێت.