شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، دایكان و باوكان هەوڵبدەن دووربكەونەوە لەوەی كە بەردەوام لە منداڵەكانتان توڕە دەبن، تایبەت لە مانگی رەمەزان، چونكە وا لە منداڵەكە دەكات رقی لەو مانگە ببێتەوە.
د. محەمەد حەسەن، پزیشكی پسپۆڕی منداڵان و گەشەی منداڵان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” مانگی رەمەزان دەرفەتێكە بۆ خۆڕاگری و ئارامی و دان بەخۆداگرتن، پێویستە منداڵیش فێری ئەم كردارە جوانانە بكرێن و بە كردار پێشانیان بدەن، بەڵام بەداخەوە زۆرجار دایك و باوك لە رەمەزاندا بە هەر هۆكارێك بێت جا برسیەتی، بێ توانایی، تێنوویەتی یاخود هەر شتێكی دیكەوە تووڕەبوون و هەڵچوونی زۆریان هەیە و بەتایبەت بە سەر منداڵدا دەری دەبڕن و بە تەواوی دەترسێنن.
گووتیشی” ئەم جۆرە توڕوبوونانە تایبەت لەم مانگەدا وا دەكات منداڵ بەرامبەر رۆژووگرتن و مانگی رەمەزان رق و كینە لە دڵیدا دروست ببێت و تاكە هیوای دەبێتە ئەوەی كە ئەم مانگە زووتر تەواو ببێت و هەموو شتەكان ئاسایی ببنەوە، هەروەها ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە، لاوازی بەرگریی و چەندین نەخۆشی دیكەش زیاد دەكات.