مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای ئەوەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دابەشكردن و پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی ڕاگەیاند، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان دەڵێ “بڕیارەكە تەواوی فەرمانبەران دەگرێتەوە، بە فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەستەوە، كە لە ڕابردوودا سوودمەند نەبوونە،”
دوێنێ چوارشەممە، 27ـى ئاداری 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند “بڕیارمان داوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بكات بە تەرخانكردن و دابەشكردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی، كە تاوەكوو ئێستا لە حكومەت سوودمەند نەبوون.”
لەمبارەیەوە د.عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان وردەكاری زیاتر دەخاتە ڕوو و ڕاگەیاند “بڕیاری سەرۆكی حكومەت تەواوی فەرمانبەران دەگرێتەوە، بە هەمیشەیی و گرێبەستەوە، كە لە ڕابردوودا سوودمەند نەبوونە،”
سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان ئاشكراشی دەكات دابەشكردنی زەوی لە ماوەیەكی نزیك دەست پێ دەكات و دەڵێ “ڕێنوێنی بۆ ئەو بابەتە دەردەچێت، تا لە شار و شارۆچكەكان زەوی تەرخان بكرێت،”
دەشڵێت “ماوەیەكی زۆری پێ ناچێت، چونكە وەزارەتی شارەوانی پێشتر میكانیزمی خۆی بۆ ئەو پرۆسەیە هەبووە و ئەزموونی زەوی دابەشكردنیشمان هەیە.”
لەسەر دەستنیشانكردنی ناوی فەرمانبەران بۆ پێدانی زەوی هەر وەكوو د.عەبدولحەكیم باسی دەكات بەپێی ڕێكاری تایبەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت و دواتر وەزارەت و دامەزراوەكانی لێ ئاگادار دەكرێتەوە.
لەبارەی پێدانی زەوی بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانیشەوە، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان دەڵێ كاتێك بڕیارەكە دەرچوو، ڕوونكردنەوەی زیاتر دەدەین.