مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كاردانەوەی كوردانی ئەورووپا، دژ بە هێرشی توركە نەژادپەرستەكان بۆ سەر گەنجانی كورد لە كاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەكانی پیرۆزكردنی جەژنی نەورۆز لە شەقامی (لۆڤن) ی بەلجیكا، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر و توندتر دەبێت.
كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی لە ڕاگەیاندراوێكدا هێرشی توركە نەژادپەرستەكان شەرمەزار دەكات و ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز بە مافێكی ڕەوای گەلی كورد دەزانێت و دەشڵێت هیچ كەسێك و لایەنێك مافی ئەوەی نییە ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ئەو ئاهەنگە بكات.
كۆنفیدراسیۆنەكە لە ڕاگەیاندراوەكەیدا هەموو جۆرە توندوتیژییەك بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان ڕەت دەكاتەوە و جەخت لەسەر خەبات و چالاكی ئاشتییانە و دیموكراتی و مۆدێرن دەكاتەوە، هەروەها داوا لە وڵاتی بەلجیكا دەكات كە لەڕێگەی دەزگا ئەمنییەكانییەوە ڕێگری لە هەموو جۆرە توندوتیژییەك بكەن و سەروماڵی كوردستانیان بپارێزن.
دەقی ڕاگەیاندراوی كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی :
هێرشی ڕەگەزپەرستانە بۆ سەر كوردانی بەلجیكا قبووڵ ناكرێت
لە 25ـ3ـ2024 كۆمەڵێك گەنجی كورد بە ئاڵای كوردستان و جلوبەرگی كوردییەوە بۆ پیرۆزكردنی جەژنی نەورۆز لەسەر شەقامەكانی ( لۆڤن ) خۆپیشاندانیان كرد. هەر ئەوەش بوو بە هۆكاری ئەوەی كە توركە نەژادپەرستەكان هێرش بكەنە سەر خێزانێكی كورد و لەو هێرشەدا پەنجەرەی ماڵەكەیان شكاندبوون، تەنانەت بۆ ڕێگریكردن لە هێرشە توندڕەوەكانی تورك پۆلیس پارێزگاری ئەو ماڵەی كردووە. ئەو ڕووداوە لە شاری (لۆڤن )ەوە گواستراوەتەوە بۆ شارەكانی هاسل و برۆكسل و چەند ڕۆژێكیشە هێرشەكانی ئەو گرووپە نەژادپەرستانە بەردەوامن و لە ئاكامی ئەو هێرشانەشدا دوو ئەندامی ناوەندی ڕەوەندی كوردستانی لە برۆكسل بریندار بوون .
لە كاتێكدا كە كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی هەموو جۆرە توندوتیژییەك بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان ڕەت دەكاتەوە، جەخت دەكاتەوە لەسەر خەبات و چالاكی ئاشتییانە و دیموكراتی و مۆدێرن.
گومان لەوەدا نییە كە ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز مافێكی ڕەوای گەلەكەمانە و هیچ كەسێكیش مافی ئەوەی نییە ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ئەو ئاهەنگە بكات .
كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی بەتوندی ئەو هێرشە توندئاژۆیانە ڕیسوا و شەرمەزار دەكات و هێرشی لەو جۆرەش لە پایتەختی ئەورووپا جێگای قبووڵكردن نییە. داواش لە ڕەوەندی كوردی بەلجیكا دەكەین كە بە ڕەچاوكردنی یاسا و ڕێسا بەركارەكانی ئەو وڵاتە دژ بەو هێرشە ڕەگەزپەرست و نەژادپەرستانە هەڵوێست وەربگرن و ڕەچاوی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەكە بكەن، و خۆیان لە بەكارهێنانی توند و تیژی بە دوور بگرن، چونكە هێرشكردنە سەر دووكان و تێكدانی سیمای شارەكە، لە بەرژەوەندی دۆزی كورددا نییە و خزمەت بە نەژادپەرستان دەكات .
گەلی كورد وەك هەر نەتەوەیەكی ئەو دونیایە ، مافی ئەوەی هەیە كە ئاهەنگەكانی نەتەوەیی و ئایینی خۆی بە جلوبەرگی كوردی پیرۆز بكات ، كورد هەردەم ئاشتیخواز بووە و داواش لە خێزانە توركەكان دەكەین كە چیتر منداڵەكانیان لەسەر توند و تیژی و دژایەتی كردنی نەتەوەكانی تر ڕا نەهێنن، و واز لە میتۆدی سڕینەوەی كورد بهێنن، چونكە هەرگیز بوونی كورد نەسڕاوەتەوە و ناشسڕێتەوە.
لە كۆتاییدا داوا لە وڵاتی بەلجیكا دەكەین كە لەڕێگەی دەزگا ئەمنییەكانییەوە ڕێگری لە هەموو جۆرە توندوتیژییەك بكەن و سەروماڵی كوردستانیان بپارێزن و كار بكەن بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانەی كە كراونەتە سەر كوردستانیان و ڕووبەڕووی یاسایان بكەنەوە و سزایان بدەن .
بژی كورد، بژی كوردستان
كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی
2024-03-26