زاری كرمانجی-سۆران:
بڕیارە سبەی چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و تاتوێی دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆران بکات.
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان كاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆ دەبێت.
کۆبوونەوەکە بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تایبەت دەبێت بە “دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە بابەتی مووچەی مانگی شوباتی 2024.”
بابەتەکەش لەلایەن وەزیری دارایی و ئابووری بە راپۆرتێک دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران.
بەپێی کارنامەکەی، کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران چوار خاڵی سەرەکی لە خۆ دەگرێت، کە بریتین لە:
- دوا پێشهاتەکانی تایبەت بە مووچەی مانگی شوباتی 2024.
- بابەتی بڕیار و رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق تایبەت بە راکێشانی کاش بە دۆلار و دەرکردنی بڕیار بۆ میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەو بڕیار و رێنماییانە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستانەوە.
-خستنەڕووی کۆنووسی لیژنەی تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕگەی سێیەمی مادەی 13ـی یاسای چاکسازی کە تایبەتە بە پابەندکردنی وەزارەتی دارایی کوردستان بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەکان.
-خستنەڕووی نووسراوی سەرۆکایەتی دیوانی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 107ـی 21-12-2023 تایبەت بە خانەنشینی لە رۆشنیایی بڕیاری ژمارە 226ـی ئەنجوومەنی وەزیران لە 20ـی ئەیلوولی 2023 کە بە نووسراوی ژمارە 149 لە 14-1-2024ـی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاڕاستەی سکرتارییەتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە.