زاری كرمانجی-سۆران:
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، داوایان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش كردووە هاوكاری و هاوئاهەنگییەكانیان لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە لە بۆ ساڵانی داهاتووش بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی پێشمەرگە، رایگەیاند، شاندێكی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژ بە داعش پشتیوانییان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ساڵی داهاتووش دووپاتكردووەتەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، لیوا روكن نەجمەدین عومەر، جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان پێشوازی لە تیمێكی هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتیی مەیجەر كاس پرۆ كرد و گفتوگۆیان لەبارەی چەمكی ئۆپەراسیۆن و مەشقی هێزەكان لەچوارچێوەی فیرقە و لیوایەكانی وەزارەتی پێشمەرگە كردووە.
لە بەشێكی دیكەی گفتوگۆكاندا وەكو لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە، پلان و هەنگاوەكانی ئەنجامدانی مەشق كە لە چوارچێوەی پلانی ساڵانەدا بەرنامەی بۆ داندرابوو گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
جێگری سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە لە دیدارەكەدا، هاوئاهەنگی و یارمەتییەكانی هێزەكانی هاوپەیمانانی بەرزنرخاند و داوایكرد بۆ ساڵانی داهاتووش مەشق و راهێنانەكانی پێشمەرگە لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانانەوە بەردەوام بێت، ئەوەش لەپێناو بەردەوام كاركردن بۆ دروستكردنی هێزێكی تۆكمەی نیشتمانی، وەكو لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە.
بەپێی وەزارەتی پێشمەرگە، تیمی میوان لە هێزەكانی هاوپەیمانان دووپاتیان لە هاوكاری و هاوئاهەنگی كردەوە بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەتایبەت لە رووی مەشق و راهێنانەكان و دابینكردنی پێداویستییە لۆجستییەكانەوە.