زاری کرمانجی :
چاودێرێکی سیاسی لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” زنجیرە بڕیارەکانی ڕابردووی دادگای فیدراڵی عێڕاق دژبە هەرێمی کوردستان، کایەیەکی نەیارییە بەرامبەر بە قەواری کوردو ئەو پێنگاڤەپێشکەوتووانەی کە نراون لە لایەنی ئارامی و سەقامگیری هەرێمەکەمان.
محێدین بادلی، چاودێری سیاسی دەڵێت:” بۆ بچوککردنەوەو داتاشینی بەشێک لەسەروەریەکانمان و گەڕانەوە بۆ عێڕاقی سەردەمی تاکڕەوی، بە لابردنی کورسی پێکهاتەکان، کە ئەوەش باوەڕنەبوونە بە پێکەوەژیان و پێدانی ماف بە تەواوی گەڵانی عێڕاق، هەروەها بڕینی مووچە و قووتی فەرمانبەرانی کوردستان بەناوی ئەوەی کە سەرجەم مووچەخۆران بخرێنەوەسەر بانقەکانی عێڕاق، ئەوەش پێشێلکردنێکی ئاشکرایە بەرامبەر بە دەستووری عێڕاق، کە تێیداهاتووە کوردستان هەرێمیکی فیدراڵییە و دەستەڵاتەکانی ئیدارەدانی پێدراون.
دووپاتی کردەوە، دادگای فیدراڵی بە سوودوەرگرتن لە قەیرانی ئابووریمان و بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسا و دەستوورو پێکەوەژیان، کۆمەڵێ بڕیاری سەپێنراوو دژ بە کوردستان دەردەکات، کە مەبەستیان هاوکاریکردن و ڕاستکردنەوەی باری لاری ئابووریمان نییە، بەڵکو دەیانەوێت چۆن پێشتر داهاتی نەوتیان خستەوە بنباڵیان، ئاواش بە پلان و بەرنامە هەرێمەکەمان پەلوپۆبکەن و بە برسیکردنی خەڵک ناچاری خۆبەدەستەوەدان و نەهێشتنی فیدراڵییەت و گەڕانەوە بۆ مەرکەزیەت و ئیدارەیی پارێزگاکان و بەستنەوەیان بە بەغدا، ئەوەش زانراوە کە پیشەی لەمێژینەی عەڕەبەکانە و هەرگیز خۆشحاڵ و خوازیارنین بە گەیشتنی کورد بە ئامانجەکانی.
محێدین بادلی، ئەوەشی خستەڕوو” ئەوەی مایەی تێڕامان و هەڵوەستەیە، پشتگیری و دەستدۆزی بەشێک لە هێزەکوردستانییەکانە بۆ بڕیارەنایاسایی و نەیارییەکانی دادگای فیدراڵی، کە ئامادەن تەواوی دەستکەوتەکانمان و ئامانجەکان بخەنەوە سەبەتەی عێڕاق و گرپەشۆڤێنی و ناحەزەکانمان، بەتایبەتی یەکێتی نیشتیمانی و سەرۆکەکەیان باڤڵ تالەبانی، کە دڵخۆش و پشتگیرە بۆ هەربڕیارێک کە لێدانبێت بۆ کوردو مافەکانمان، ئەوجۆرە ڕەفتار و گوفتارانەش دەچنە قاڵبی خیانەت و نەیاریی و لاساری، چونکە ناکرێت بۆ بەرژەوەندی و پارە، کۆی سەروەرییەکانمان تەسلیم بە دوژمنان بکەینەوە، ناحەزانیش بابزانن هەرێمێک کە بە خوێن و قوربانیدان بەدەستهاتبێت، ئاوابەئاسانی ناخرێتەوە بنباڵی عێڕاقێکی تاکڕەوو نەیار.