زاری كرمانجی-سۆران:
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 250 هەزار مووچەخۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک تۆمارکراون و ئامانجی پرۆژەکەش ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر تۆماربکات.
سەرپەرشتیارانی پرۆژەی هەژماری من، ئاماری مووچەخۆرانی تۆمارکراویان بڵاوکردەوە کە لە پارێزگای هەولێر، 213,536 مووچەخۆر تۆمارکراون، لە پارێزگای سلێمانی، 19,288 مووچەخۆر و لە پارێزگای دهۆکیش، 17,657 مووچەخۆر لە پرۆژەی هەژماری مندا هەژماری بانکییان بۆ کراوەتەوە.
کۆی گشتی مووچەخۆرانی تۆمارکراو لە پرۆژەی هەژماری من تاوەکو کۆتایی دەوامی رۆژی (25ـی ئاداری 2024) بریتییە لە 250 هەزار و 481 مووچەخۆر لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک.
پرۆژەی هەژماری من یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە وەرچەرخانێکە لە شێوازی مووچەدان و بەهێزکردنی دارایی کەرتی گشتی و پەسەندکردنی بانکی ناوەندیی عێراقە.
تاوەکو ئێستا پێنج بانک بەشدارییان لە پرۆژەی هەژماری مندا کردووە کە بریتین لە بانکەکانی (جیهان، ئار تی بانک، بانکی ئیسلامیی عێراقی، بی بی ئەی سی، ئێن بی ئای) کە هەموو ئەو بانکانەی لە پرۆژەی هەژماری من دەکەن، دەبێت مۆڵەتدراوی بانکی ناوەندیی عێراقدا بن و لە لیستی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا هیچ کێشەیەکیان نەبێت.