كەسێك كە دەروونی ناتەندروستە، جگە لە بێ بەرهەمی، هەمیشە زیان بەخۆی و دەوروبەری دەگەیەنێت
دیدار/ رۆژان قیاس
دكتۆرە ئاڤان، پسپۆری دەروونی لە دیدارێكی تایبەتی زاری كرمانجیدا باس لە گرنگی دەروون دروستی و هۆیەكانی دەكات. دەشڵێ:” كەسێك كە دەروونی ناتەندروستە، جگە لە بێ بەرهەمی، هەمیشە ئەگەری زیانگەیاندن بەخۆی و دەوروبەریشی هەیە”.
لە سەرەتای قسەكانیدا ئەو پزیشكە باس لە دەروون دروستی دەكات و پێیوایە، تەندروستی دەروونی یا دەروون دروستی، پێكهاتەیەكی تەواوكەری و بنەڕەتی تەندروستی گشتییە، لە دەستووری WHO دا هاتووە، تەندروستی گشتی حاڵەتێكە پێكهاتووە لە تەندروستی جەستەیی، دەروونی و كۆمەڵایەتی، نەك تەنها نەبوونی نەخۆشی یان ناتەواوی، دەرهاویشتێكی گرنگی ئەم پێناسەیە ئەوەیە كە دروستی دەروونی تەنها نەبوونی نەخۆشی دەروونی و كەم توانایی نییە، بەڵكو سەرەرای نەبوونی نەخۆشی دەروونی، هەبوونی خۆشگوزەرانی جەستەیی و خۆشگوزەرانی و بوونی پەیوەندی كۆمەڵایەتی و توانای مامەڵەكردن لەگەڵ دەوروبەر و ئیشكردن و بەرهەمداریش دەگرێتەوە”.
دكتۆرە ئاڤان، دەڵێت” شكسپیر دەڵێت، مرۆڤ باخێكە، دەروون باخەوانیەتی، ئەگەر سەرنج بدەین، باخێك كە باخەوانێكی تەندروست و چالاك و لێزانی هەیە، باخێكی سەوز و جوان و بەرهەمدار دەبێت (هەم لەڕووی میوەجات، هەم دۆستی ژینگە و دیمەنێكی جوان) دروست دەكات، بە پێچەوانەوە باخەوانی ناتەندروست و نا كارا، باخەكەی نابووت و دواجار وشك دەبێت و نەك هەر بەرهەمی نابێت، بەڵكو دیمەنێكی ناشیرین بە ژینگە دەبەخشێت و دواجار دوور نییە گڕ بگرێت و دووكەڵ و پیسیش بكاتە ناو هەوای دەورووبەر و پڕیشكی ئاگریش بپرژێت و زیان بە باخ و موڵك و ماڵی دەوروبەریش بگەیەنێت، هەر وەك چۆن كەسێكیش كە دەروونی ناتەندروستە، جگە لە بێ بەرهەمی، هەمیشە ئەگەری زیانگەیاندن بەخۆی و دەورووبەریشی هەیە”.
پسپۆری دەروونیە، گوتیشی:” كاركردن، سەرچاوەیەكی گرنگە بۆ دەروون دروستی، بێكاری و بەتاڵی هۆكارن بۆ زۆر بیركرنەوە و بەفیڕۆدانی كات و پڕكردنەوەی كاتەكان بەشتی بێسوود و زیانبەخش، لەبەرئەوە پێویستە مرۆڤ خاوەنكار بێت و ئیشێكی تایبەتی هەبێت، مەبەستی سەرەكی ئیشكردن بریتییە لە دابینكردنی بژێوی، بەڵام كاریگەری ئەرێنی لەسەر دەروونی مرۆڤ دادەنێت كاتێك كە دەزانێت كەسێكە پشت بەخۆی دەبەستێت، نابێتە ژێر دەستەی كەس و منتەبار نابێت، لەبەرئەوە لە پێناو پاراستنی دەروون دروستیدا، پێویستە مرۆڤ بەردەوام كار و پیشەیەك بكات و بەبێكار دانەنیشێت، پیشەكانی مرۆڤ جۆراوجۆر و هەمەچەشنن، گرنگ ئەوەیە كە پیشەیەكی هەبێت و كار بكات، كەسانی دەروون دروست بە شێوەی هەڵس و كەوتیان ئەتوانین جیایان بكەینەوە لە كەسانی نەخۆش، كۆمەڵێك جیاكاریی هەیە لە نێوان كەسی ساغ و دەروون نەخۆش، بۆ ئەوەی كەسی دەروون نا تەندروست بناسرێتەوە رەچاوی ئەم خاڵانە دەكرێت.
١-كەسی دەروون دروست لە ڕاستی دا دەژی نەك خەیاڵ، واتە دوورە لەو شتانەی لە ڕاستیەوە دوورن، ٢-ڕەفتارەكانی گونجاوە لەگەڵ كۆمەڵگە و ئەتوانێت خۆی بگونجێنێت، ٣-سەركەوتووە لە پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان و ئەتوانێت لە شوێنی كارەكەی یاخوود لە ماڵەوە لەگەڵ دراوسێكانی خۆی بگونجێنێت، 4-دەتوانێت چارەسەری كێشەكانی بكات و ڕێگای گونجاو هەڵبژێرێت بۆ چارەسەری كێشەكانی و لە كاتی خۆی كێشەكان چارەسەر دەكات، 5- دەروون دروست ئەزانێت پەیوەندی بەهێز هەیە لە نێوان دەروون و جەستە، هەوڵی چارەسەری نەخۆشییە جەستەییەكان دەدات، لە كاتی بوونی گرفتێكی دەروونی داوای یارمەتی لە كەسانی پسپۆری دەروونی دەكات، ٦-دەروون دروست دەزانێت هەندێك شت هەیە ڕێكەوت و چارەنووس بۆی داناوە و توانای گۆڕانی نییە، وەك دایك و باوك و خوشك و براو شێوەی دەم و چاو و كورتی و درێژی باڵا”.