زاری كرمانجی-سۆران:
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە واشنتن رایگەیاند، لە سەردانی سوودانی بۆ ئەمەریکا پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان رەنگە تەوەرێکی گفتوگۆکان بێت. گوتیشی: ئەوەی لە سوودانی تێگەیشتووم، مووچەی مانگی ئاداریش دەنێرێت.
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سەر پرسی مووچە کارکراوە، هەرچەندە تا وەکوو ئێستا گرفتەکان چارە نەکراون، بەڵام پێشبینی دەکرێت لەم چەند ڕۆژەیە چارە بکرێن. گوتیشی: ئەوەی من لە محەممەد شییاع سوودانی تێگەیشتووم، هیچ گرفتێک نییە و مووچەی مانگی ئاداریش دەنێردرێت.
سەربارەت بە بابەتی پڕۆژەی هەژماری من، فوئاد حسێن گوتی: ئێستا شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدان و لە سەر ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ حکوومەتی عێراق دانووستان دەکەن، هەرچەندە زانیاریم لە رەوتی دانووستانەکان نییە، بەڵام پێویستە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر ئەم بابەت و پرسەکانی دیکەش بگەنە رێککەوتن.
هەروەها دەربارەی سەردانی ئەمجارەی شاندی باڵای حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی سوودانی بۆ واشنتن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: شاندەکە ئەندامانی کوردیشی تێدا دەبێت و ناوەڕۆکی گفتۆگۆکانیش لە سەردانەکانی پێشتر جیاوازترە و چەند پرسێکی دیکە هەن بۆ باسکردن، بەڵام ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە بانک و دۆلار و دینارەوە هەیە هەر باس دەکرێنەوە.
گوتیشی: بەدڵنیاییەوە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق باس دەکرێت، بەو پێیەی چەند کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنەری نەوت ئەمەریکی هەن، کە بێگومان ئەوانیش گرفتەکانی خۆیان لەگەڵ کۆنگرێس و ئیدارەی ئەمەریکا باس کردووە.