داریجان ئازاد محەمەد
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێک دێت لە ٦ قەزا و ١٣ ناحیە و ٨٠٠گوند کە بە گشتی ٣٨٠٠٠٠ کەس لەخۆدەگرێت، و ناوەندی قەزای سۆران ٢٠٠هەزار کەسە.
گرنگی سۆران تەنها زۆری ژمارەی دانیشتوانەکەی نیە، بەڵکو گرنگی جوگرافیایەکەیەتی کە یەکەیەکی ئیداریی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ هەر شەش قەزاکانی ڕواندز،چۆمان، مێرگەسۆر، سیدەکان و خەلیفان و ناوەندی ئیدارەکە.
هێنانەوەی دەسەڵاتی ئیدارەدانی ئەم ناوەندە بە ئامانجی کارئاسانیە بۆ خەڵکەکەی، بۆ ئەوەی چیتر ڕێگەی هەولێر نەگرنەبەر بۆ ڕایی کردنی کارەکانیان.
بەڕێوەبردن لەم ئیدارەیەدا بە شێوەیەکی هەڕەمەکییە و بڕیارەکان بۆ سەرووی خۆیان دەگەرێتەوە.
ئەو دەستەیەی لە ڕووی کارگیڕیەوە کار بۆ ئیدارەکە دەکات دەبێت پلانی ستراتیژی و تۆکمەیان هەبێت، ئەو بەهایانە دیاری بکات کە لە بنەرەتدا ئامانجی ستراتیژیەکە پێک دەهێنێت، چونکە ئەم بەهایانە گوزارشت لە پڕەنسیپ وئامانج و هۆکاری یپێکهێنانی دامەزراوەکە دەکەن وەک ئیدارەی سەربەخۆ، کە لە داهاتوودا هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە بەبێ جیاوازی لەژێر سایەیدا لە ئاشتی و ئاوەدانیدا بژین.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، دەبێت خاوەنی تێڕوانینی گەشەسەندووی بواری خزمەتگوزاری بێت بە تایبەت لە بواری وەبەرهینان.
بوونی بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهینان لە سۆران و هەوڵدانیان بۆ هێنانی وەبەرهێنانی بیانی و ناوەخۆیی. زەمینەیان بۆ دەڕەخسێنێ تا وەبەرهێنان بکەن و بە شێك لە پڕۆژەکانیان لە شارە گەورەکان بگوازنەوە بۆ سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران (کاڤین گروپ، ڕامی فارم و کۆمپانیای زووم) نموونەی سەرکەوتووی ئەم جۆرە پڕۆژە و بەڕێوەبردنەن کە هەلی کارێکی باشی بۆ گەنجانی ئەم دەڤەرە ڕەخساندووە.
هەروەها بووەتە هۆی گەشەسەندن و ئاوەدانی قەزا و ناحیە و گوندەکانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆ.
بەگشتی بەڕێوەبردن لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و هەڵبژاردنی بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکان تا ڕادەیەکی باش شوێنی گرتووە. هەندێک جار گوێبیستی ئەوە دەبین گلەییەک لە یەکێک لە شێوازەکانی بەڕێوەبردنی بەڕێوەبەرایەتیەک هەیە، ئەمەش پێویستی بە پێداچوونەوە و باشکردنی دۆخەکە هەیە.
لە پێناو باشترکردنی بەڕێوەبردنێکی سەرکەوتوو، پێویستە سەرپەرشیاری ئیدارەی سۆران ئەم هەنگاوانە بهاوێژێ
سەرۆکی ئیدارە نابێت جیاوازی لە نێوان قەزاکان، و ناحیەکان و گوندەکان بکات، دەبێت بە یەک چاو سەیری هەموو پێکهاتەکان، ئایینەکان، چین و توێژەکان بکات.
زەمینە خۆش بکات بۆ دادی کۆمەڵایەتی، بەرقەرارکردنی یاسا و کارگێڕیەکی کارامە، کە کلیلی سەرکەوتنە بۆ هەر دامەزراوەیەک.
هیچ سەرچاوەیەک بەبێ بوونی بەڕێوەبردنێکی کارامە و چالاک ئاماژەکان ناپێکێت، بۆیە گرنگە سەرۆکی ئیدارە دونیابینییهكیی فراوان و سەلیقەیەکی جوانی هونەری بەڕێوەبردنی هەبێت.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەرگای واڵایە بۆ هاوڵاتیان و گلەیی و گازەندەکانیان ڕاستەوخۆ دەچێتە ژێردەستی سەرپەرشتیاری ئیدارەکە (هەڵگورد شێخ نەجیب).
گرنگترین کاری بەڕێوەبردنی سەرپەرشتیار ئەوەیە هێڵێکی گەرم بۆ هاووڵاتیان کردۆتەوە واتە لەم ڕێگەیەوە سکاڵاو پێشنیار و داواکاریەکانیان بگەیەنن، هەر ئەمەش نیە بەڵکو هەفتەی دوو ڕۆژی داناوە بۆ بینینی ڕاستەوخۆی خەڵک، ئەویش ڕۆژانی دووشەممە و چواشەممەیه لە نزیکەوە ئاشنایی کەم و کوڕی، سکاڵای هاوڵاتیانی شار دەبێت.
ئیستاش کەم وکورتی و پێویستی زۆر هەیە لە قەزای سۆران کە چارە بکریت و بکرێتە ئامانجی سەرەکی ئیدارە.
لە بەرێوەبردن کێشەوگرفت هەن وەک نەبوونی سەرچاوەی مرۆیی بەهێز و کارامە، نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان هەندیک لە بەڕێوبەرایەتیيەکان، کەمی هەستی بەرپرسیاریەتی بەشێکی فەرمانبەرانی ئیدارە لە بەڕێوەبردنی کارەکان و جێبەجێکردنیان و زیاتریش.
چارەسەر کردنی ئەم کێشانە و بەهێزکردنی ئەم سکیڵانە لە بەڕێوەبەران و فەرمانبەران، دەبێتە هۆی پێشکەوتن و سەرکەوتن لە شێوازێكی بەرێوەبردنی ئیدارەدانی تەندروست.