زاری کرمانجی-سۆران:
شەوی ڕابردوو شەپۆڵێکی بەهێزی بەفرو باران، سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی گرتەوە، بەڵام لە هیچ شوێنێک ئاستەنگی هاتووچۆ دروست نەبووەو تیمەکانی تایبەت ڕێگەکانیان پاککردۆتەوە .
شەوی ڕابردوو لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی سۆران بەفر باریوە، لە ناوچەی باڵەکایەتی بەفرێکی زۆر باریوە، بە تایبەت لە حاجی ئۆمەران نزیکەی 15 سم بەفر باریوە، بەڵام لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی سۆران، رێگەکان پاککراونەتەوە.
خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی سۆران بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند ” بەهۆی ئەو شەپۆڵە بەفرو بارانەی شەوی ڕابردوو، لە هیچ شوێنێکی سنووری ئیدارەی سۆران، ئاستەنگی هاتووچۆ دروست نەبووە، لە سنووری چۆمان و حاجی ئۆمەران بەفر باریوە، بەڵام لەلایەن تیمەکانمان هەر لە پارشێو، رێگای سەرەکیی چۆمان- حاجی ئۆمەران لە بەفر پاککرایەوە”.