سكرتێری پارتی دیموكراتی توركمان، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی بە خیانەت كردن لە كوردستان و پێكهاتەكان تۆمەتبار دەكات و دەڵێ لە ئایندەدا باجی ئەو خیانەتە دەدات.
سارا دڵشاد چاوشلی، سكرتێری پارتی دیموكراتی توركمان و ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیاند “یەكێتی و بافڵ تاڵەبانی لە دوای ڕاگەیاندنی پشتگیریكردنیان لە دادگای فیدراڵی، خیانەتیان لە خەڵكی هەرێمی كوردستان و پێكهاتەكان كرد كە لە داهاتوودا باجەكەی دەدەن.”
چاوشلی دەشڵێت “دادگاكە بە دڵ و ویستی یەكێتی بڕیارەكانی دەردەكات و بە ئارەزووی خۆی دژایەتیی پێكهاتەكان و پێكەوەژیان و كۆی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكات.”
ئاشكراشی دەكات كە كە پێكهاتەكان پێداگری لەسەر مافەكانی خۆیان دەكەن و پێش ئەوەی دادگایەك لە عێراق بە ناوی دادگای فیدراڵی هەبێت، پێكهاتەكان هەبوون، بۆیە ئامادە نین بچنە ژێر باری بڕیارێكی نادەستووریی دادگایەك كە بە دڵی یەكێتی مافی پێكهاتەكانی پێشێل كردووە.