شەهلا رەشید- سۆران
نووسەرو چاودێرێكی سیاسی، دەڵێت” بڕیار و هەنگاوەكانی دادگای فیدڕاڵی زەنگێكی مەترسیدارن، ئەگەر هەموو هێز و لایەنە نیشتیمانپەروەرەكان دژی نەوەستنەوە ئەوا عێراقی ئێستا بەرەو لێكترازان و پوكانەوە دەچێت.
قادر حەسەن، نووسەرو چاودێری سیاسی، بە زاری كرمانجی راگەیاند” دادگایەك دەست درێژی بكاتە سەر دامەزراوەی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دژی قەوارەی دەستووری و مافی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستان بێت، دادگایەك بە ئەجێندای دەرەكی بجوولێتەوە و بیەوێت سیستەمی فیدڕاڵی عێراق بەرەو تاك رەوی بباتەوە و لە هەوڵی ئەوەدابێت دەست بەسەر هەموو جومگە سەرەكییەكانی عێراقدا بگرێت، تەنها لە بەرژەوەندی گروپە شیعە توندڕەوەكانی سەربە ئێران بێ، لەكاتێكدا لەسەر بنەمای رێكەوتن و تەوازنی نێوان پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراق، شیعە و كورد و سوننە دامەزرابێت، كەچی پێچەوانەی ئەمە رەفتار بكات ئەرێ ئەمە دادگایە یا بەڵایە؟
گووتیشی” ئەم بڕیارانەی چەند ساڵی رابردوو بەتایبەتی ئەم دواییەی دادگای نادەستووری و نافیدڕاڵی رووی راستەقینەی خۆی وەدەرخست و بۆ هەموو لایەك ئاشكرابوو كە ئەم دادگایە دەیەوێت عێراق بگەڕێنێتەوە سەردەمی دیكتاتۆریەت و تاكڕەوی و هەرچی بنەمای دیموكراسی و فیدڕاڵی هەیە لەناوی ببات، بۆیە بڕیار و هەنگاوەكانی ئەم دادگایە زەنگێكی مەترسیدارن و ئەگەر هەموو هێز و لایەنە نیشتیمانپەروەرەكان دژی نەوەستنەوە ئەوا عێراقی ئێستا بەرەو لێكترازان و پوكانەوە دەچێت و هەموو شتێك دەچێتەوە چوارگۆشەی یەكەم، هەركەس ولایەنێكیش لەژێر هەربیانوو پاساوێك پشتگیری بڕیارە ناڕەوایەكانی ئەم دادگایە بكات راستەوخۆ بەشدارە لەو خیانەتەی بەرامبەر گەل و نیشتیمان و هەرێمی كوردستان دەكرێت”.
دەشڵێت: ” بەتایبەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، كە خۆی بەلایەنێكی سەرەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پرۆسە سیاسییەكەی دەزانێت، ئەگەر دژی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی نەوەستێتەوە بێگومان شەریك دەبێ لەو تاوانانەی دەرهەق بە هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت، بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی زۆر بچووكترە لە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و نیشتیمانەكەمان، بۆیە ئەگەر سەرانی یەكێتی بەتایبەتی بافل و قوباد تاڵەبانی هاوهەڵوێست نەبن، لەگەڵ سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی و خەڵكی هەرێمی كوردستان ئەوا لەكۆتاییدا باجێكی قورس دەدەن.