شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی خۆراك، گرنگترین ئەو هەڵانە دەخاتەڕوو كە لە مانگی رەمەزان ئەنجام دەدرێن.
د. كامەران رەسوڵ، پزیشكی پسپۆڕی خۆراك، بە زاری كرمانجی راگەیاند” مانگی رەمەزان چەندین سوود و بایەخی گرنگی هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ، بەڵام جێگەی داخە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو كۆمەڵێك خوو و هەڵس وكەوت و بۆچوونی هەڵە لە ناو زۆرینەی كۆمەڵگەی كوردی بڵاو بۆتەوە كە ئەگەری زۆرە دەرئەنجامی خراپی هەبێت بۆ تەندروستی بەشێك لە بەڕۆژووانان، لەم بابەتە تەندروستییەدا ئاماژە بە چەند هەڵەیەكی ناتەندروست دەكەین كە لە كاتی بەڕۆژووبوون ئەنجام دەدرێن.
گرنگترین هەڵە باوەكانی خواردن لە مانگی رەمەزان بریتین لەمانە:
-هەڵەكانی ژەمی پارشیو نەكردن، كە ژەمێكی گرنگە و نابێت پشتگوێ بخرێت و چەند بتوانرێت درەنگتر بخورێت پێش بانگی بەیانی، نەخواردنی بڕێكی زۆر خۆراك بە تایبەت خۆراكی چەور و شیرینی و سوێر، هەروەها خواردنەوەی بڕێكی زۆر ئاو و شلەمەنی بە مەبەستی ئەوەی تینووت نەبێت لە رۆژەكەدا.
هەڵەكانی كاتی بەربانگیش ئەمانەی خوارەوە دەگرێتەوە:
-خواردنەوەی شەربەتی گیراوە و خواردنی شیرینییەكان.
-خواردنی بڕێكی زۆر خۆراك بە تایبەت خۆراكی چەور لە ماوەیەكی كەم و بە پەلە.
-پاڵ كەوتن پاش بەربانگكردنەوە.
-نەخواردنی زەڵاتە و سەوزە و شۆربا لە سەرەتایی بەربانگكردنەوە.
-خواردنی برنج وشلە بە تایبەت برنجی سپی رۆژانە.
-نەخواردنی میوە و سەوزە بە بڕی پێویست لە نێوان بەربانگ و پارشیو.
-خواردن بەدیار تەلەفزێونەوە.
-نەجوڵان و وەرزش نەكردن پاش رۆژوو شكاندن، هەروەها ئەنجامدانی وەرزشی قورس بۆ ماوەی دوور و درێژ لەكاتی بەڕژووبووندا.
-شەونخوونی و بەخەبەربوون لە بەربانگەوە تا پارشیو و خەوتن بە رۆژ.
-خواردنی شیرینی راستەوخۆ دوای بەربان، پێویستە دوای دوو كاتژمێر و هەفتەی یەك بۆ دووجار زیاتر نەخورێت.
-خواردنەوەی بڕێكی زۆر چا، قاوە و ئەو خواردنەوانەی كاڤینیان تێدایە.
-خواردنی بڕی زۆر لە ترشیات و ئەو خواردنانەی بەهاراتی زۆریان تێدەكرێت.