یەكێك لە ئەنجامدەران: لە ڕێگەی تێلێگرامەوە منیان دامەزراند و پارەیان پێشكەش كردم
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی ڕووسیا لە ڕاگەیاندراوێكدا دەستگیركردنی هێرشبەرانی شەوی هەینی هۆڵی كروكۆس سیتی مۆسكۆی پایتەختی ڕووسیای ڕاگەیاند .
لە ڕاگەیاندراوەكەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی ڕووسیا هاتووە “دەستگیركراون لە 11 كەس پێكهاتوون و چوار لەوان بە ناوەكانی (نەسرەدینۆڤ محەممەد ڕەسوڵ تەمەن ٣٧ ساڵ، ئیسمۆنۆڤ ڕیڤۆژدین تەمەن ٥١ ساڵ، سەفۆڵزۆدا شۆخینجۆن تەمەن ٢١ ساڵ و نازارۆڤ ڕۆستەم ٢٩ ساڵ) ئەنجامدەری سەرەكی هێرشەكەن.”
هاوكات مارگاریتا سیمۆنیان، سەرنووسەری كەناڵی ئاڕ تی و گرووپی میدیایی (ڕووسیا سێگۆدنیا) ڤیدیۆیی لێپرسینەوە لەگەڵ یەكێك لە تۆمەتبارانی ئەنجامدانی هێرشەكەی دوێنێ بۆ سەر هۆڵی كرۆكۆسی پایتەختی مۆسكۆ بڵاو كردەوە.
لە كاتی لێكۆڵینەوەكەدا لە شوێنی دەستبەسەركردنی، كەسێك كە خۆی بە ناوی (فەرەیدوون شەمس ئەلدین) دەناسێنێت و دەڵێت ” لە 4ی ئازار لە توركیاوە گەیشتووەتە ئەو وڵاتە،” فەرەیدوون ی تەمەن 26 ساڵ ئاشكرای دەكات كە نزیكەی مانگێك لەمەوبەر لەڕێگەی تێلێگرامەوە پەیوەندی بە داعشەوە كردووە و ڕوونی دەكاتەوە كە گوێی لە وتارەكانی وتاربێژێك بووە، كەسێكیش وەك یاریدەدەری وتار خوێنەكە پەیوەندی پێوەكردووە، دەشڵێت “لەڕێگەی تێلێگرامەوە بۆیان نووسیبووم… بەبێ ئەوەی ناوی خۆیان یان هیچ وردەكارییەكی دیكەیان هێنابێت”، ئاماژەی بەوەش كرد، “سەرپەرشتیارەكان” بڕی 500 هەزار ڕوبڵ (نزیكەی 5 هەزار دۆلار)یان پێشكەش كردووە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی كوشتنی هەڕەمەكی، و ئەركی ئەو تەنیا كوشتنی “هەر كەسێك” بوو لەو شوێنەی كە دەكرێتە ئامانج.
دەستگیركراوەكە باس لەوەش دەكات كە سپۆنسەرەكانی نیوەی ئەو بڕە پارەیەیان پێ داوە بە گواستنەوەی بۆ كارتی بانكی.
چوار هێرشبەرەكە لە پارێزگای برایانسكی ڕووسیا دەستبەسەر كراون، لە كاتێكدا هەوڵیان داوە بەرەو سنووری نێوان ڕووسیا و ئۆكراینا هەڵبێن.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی ژمارەیەك چەكدار هێرشیان كردە سەر هۆڵی كرۆكوس و لە دوور و نزیكەوە تەقەیان لە ئامادەبووان كرد و بۆمبی ئاگرینیان بەكارهێناوە كە بەو هۆیەوە ئاگرێكی گەورە لە باڵەخانەكەدا كەوتەوە.
دەسەڵاتدارانی ڕووسیا ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند، ژمارەی كوژراوانی ئەو هێرشە بۆ زیاتر لە 100 كەس بەرز بووەتەوە كە كە لە نێویاندا منداڵیش هەن، ئاماژەی بەوەش كردووە، زیاتر لە 100 بریندار بۆ نەخۆشخانەكان گواستراونەتەوە كە برینی زۆریان سەختە.
دوای ڕووداوەكە داعش بەرپرسیاریەتی هێرشەكەی گرتە ئەستۆ، بەڵام مارگاریتا سیمۆنیان سەرنووسەری كەناڵی ئاڕ تی لە لێدوانێكدا نایشارێتەوە كە داڕێژەری هێرشەكەی سەر كرۆكۆس، ئۆكراینا بووە نەك داعش، وەك میدیاكانی ئەمریكا و ڕۆژئاوا بانگەشەی بۆ دەكەن.