ئیسماعیل ئیبراهیم
نهێنی پشت دابەشنەكردنی مووچە لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە زۆر روون و ئاشكرایە، كە مەبەست لێی بەرگری كردنە لە هەموو مافە دەستوورییەكان و بەغدای داگیركەر بە ناردنی مووچە بە شێوەی پچڕ پچڕ و هەر جارەو بە بیانوویەك یا دوای دەخات یا كێشەیەك بۆ مووچە خۆرانی هەرێمی كوردستان دروست دەكات.
راگەیاندنی یەكێتی وەك پێشەی هەمیشەییان كە لە خزمەتی عێراقچییەتی و خاكفرۆشی دابووە، وەك ئەوەی هەنگی لە دار دۆزیبێتەوە، ئەو بابەتەی كردۆتە بنشیتە خۆشە و بۆ ئەوەی هەست و سۆزی شەقام بە لارێ داببات، دەڵێت “حكومەت دەستی بەسەر مووچە داگرتووە”.
ئەمە جگە لە كاڵفامی ئەو حزبە و مەكتەبی راگەیاندنیان هیچی دیكە نییە، لەبەر ئەوەی باش دەزانن حكومەت دەستی بەسەر مووچە دانەگرتووە، بەڵكو لە پەنای مووچەوە دەستی بەسەر هەیبەت و شكۆی نیشتماندا گرتووە بۆ ئەوەی یەكێتی و هاوئاوازەكانی بە ئاراستەی ئاغاكانیان ئەرزان فرۆشی نەكەن.
لە لای هەموو كوردپەروەرێك روونە یەكێتی بەكام ئاراستەی نۆكەرایەتی بۆ داگیركەران هەنگاو دەهاوێژێت، هەر لە بەیاننامەكەیان كە پشتگیری لە دادگای نادەستووری عێراق دەكات، تا دەگاتە ئەو ئاستەی هەموو هەرێمی كوردستان بە تەواوی دامەزراوەكانییەوە بخاتە بەر مەترسی نەمان. وەك ئەوەی لە مێژووی ئەو حزبە دیارە، هەر لە ساڵی 66 وە بگرە تا 1983 كە لەگەڵ حكومەتی عێراقی رێككەوت و شەری دژی هەموو حزبەكانی كوردستان راگەیاند و دەبابەكانی بەعسی هێنایە شاری سلێمانی و بەسەر لاشەی ئەندام و لایەنگیرانی حزبەكانی دیكە كەوت، هەروەك خیاتی 16ی ئۆكتۆبەری كرد، پیلانی لە دژی ژێرخانی ئابووری كورددستاندانا و وەڤدی دەناردنە بەغدا بۆ نەهێشتنی مووچە و بوودجەی هەرێم، دەنگیان بە پڕچەك كردنی حەشدی شەعبیدا.
یەكێتی باش دەزانی و دەبینێ كە پارتی رۆژ لە دوای رۆژ پێگەی جەماوەری بەهێزتر دەبێ و یەكێتیش وەك زیلی كۆنی سەربازی هەرجارە لە تاسەیەك دەدات لەتێكی لێ دەبێتەوە. بۆیە پێیوایە بەم پیلان و تۆمەتانە پارتی لاواز دەبێت، لەبەر ئەوەی خاوەن سەركردایەتێكی بێ ئەزموونی سیاسی و خاڵی لە هەستی نەتەوەیین.
ئەم رێگەیە دوور و درێژە پارتی كۆڵنادات و بەردەوام دەبێت لەسەر شكۆمەندی نیشتمان و نەتەوەیی، ئێوەش لە سەركردایەتییەكانی رابردووی حزبەكەتان زاناتر و زیرەكتر نین، ئەوان لە هەموو قۆناغەكانی رابردوو كە دژایەتی پارتییان كرد، دەستیان بە بەتاڵی لە بنی هەنبانەكە هاتە دەر، ئێوەو هاوئاوازەكانتان لەوان باشتر نابن.