
كوردۆ شەمزینی
لە یەكەم ڕۆژی جەژنی نەورۆز ئەم ڕستەیەی سەرەوە لە یەكێك لە تیڤییەكان كەوتە بەر چاوم و سەرنجی ڕاكێشام و هانی دام دەست بۆ نووسینی ئەم بابەتە بەرم و پرسیار لە حكومەت و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزارەی سۆران بكەم .
بڵێم هۆكاری نەبوونی گەشتیار چییە بۆ دەڤەری سۆران و دەوروبەری لە ڕوویی مێژوویی و فەرهەنگی و كولتووری و شۆڕشگێڕی و كۆمەڵایەتی و بازرگانییەوە پێگەیەكی بەهێزی هەبووە و هەیەتی ؟
1- مێژوویی دەڤەری سۆران بەناوبانگە بە خانزادی سۆران و فەرمانڕەواكەی هەروەها پاشای گەورەی قەزای ڕواندز .
2- ئەم دەڤەرە بە چیاكانی كۆڕەك و هەندرێن و زۆزك و حەسەن بەگ و گورەز لە بەرخودان و شۆڕشەكانی گەلەكەمان بە پیتی زێڕین نەخشێنراون, لە ڕوویی ئەدەب و هونەریی و كولتووری و فەرهەنگیشەوە ڕواندز بە نموونە یەكەم چاپخانە لە لایەن بیرمەندی گەلەكەمان (حسێن حوزنی موكریانی ) بۆ ئەم شارە هێناوە و پڕە لە كەسانی ڕووناكبیر و نووسەر و هونەرمەند و پیشەوەر و دەست زێڕین و خانەوادەی دڵ گەورە و میوان دۆست .
3- لە ڕوویی گەشتوگوزارییەوە : ئەم دەڤەرە بە جوانی سروشت و چێژ وەرگرتن لە سروشتی جوان و پشوودان و هەڵمژینی هەوای پاك و دەربكەونەوە لە ژاوەژاو تاڤگەی بەناو بانگی گەلی عەلی بەگ و بێخاڵ و جوندیان و ئاوی ڕووباری باڵەكایەتی كۆنەماری دەشتی هێرت جێی لە ناو مێشكی تاكی گەشتیاری ناوەوە و دەرەوەی كردووەتەوە
4- لە ڕوویی كۆمەڵایەتییەوە : هەر لە دێر زەمانەوە خەڵكی كۆنی ئەم دەڤەرە لە بەردەم میوانی ناوخۆ و و بیانییەكان دەرگایان كراوە بووە و سفرەیان ڕازاوە بووە بەناوبانگە لە پێكەوە ژیانی ئایینی و كۆمەڵایەتییەوە .
5- لە ڕوویی بازرگانییەوە : هەڵكەوتەی جوگرافیایی ئەم ناوچەیە هاوسنوورە لەگەڵ هەر دوو دەوڵەتی ئێران و توركیا ئەگەر دۆخی سیاسی و ئەمنی لە بار بێت هاوردە و ناردنكارەكان دەرفەتێكی زۆر باش لە پێشە بۆ هێنانی كاڵا و كەلوپەلی هەمەجۆر, ئەوەی مەبەستمە لەم بابەتەدا بیخەمە بەر دیدی خوێنەری بەڕێز بەراوردێكە لە نێوان نەورۆزی شاری (ئاكرێ) و نەورۆزی شاری سۆران دەپرسین بۆ چی شاری سۆران خاوەنی ئەو هەموو چیا و تاڤگە و ڕووبار و شوێنی گەشتوگوزاری لە بار و گونجاو و ئاو هەوای پاكەیە بە هۆی نەبوونی گەشتیار هۆتێل و موتێلەكانی شار دادەخرێن ناكرێت هەموو بەرپرسیارێتی بیخەینە ئەستۆی حكومەت و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سۆران . واز لە حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار بێنن ئەمە ئەركی دووكاندارەكان و خاوەن هۆتێل و موتێلەكانە هەستی گەشتیار ڕابكێشن و بازاڕەكەیان بجووڵێنن بە دڵنیایەوە پێش ئەوەی گەشتیار هەنگاو هەڵێنێت بەرەو شارێك پرسیاری نرخی هۆتێل و موتێلەكان و نرخی خواردنگەو چێشتخانەكان و كرێی هاتووچۆ نرخی كەلوپەلی ناوماڵ و كۆتاڵ و میوە و سەوزەوات و چەرەزات و سپیایی و گۆشت و شیرینەمەنی و كەڵوپەلی خۆراك بەرهەمە جۆراوجۆرەكانییەوە هتد دەكات نرخی كەلوپەل و شمەك و بەراورد بە شاری (ئاكرێ ) لە شاری سۆران دوو هیندە نرخەكان گرانترن، بێگومان گرانی بازاڕ و بەرزی نرخ كاریگەری هەیە لە سەر هاتنی گەشتیار .