تانیا سۆفی ـ زاری كرمانجی:
پرۆفیسۆر عەلیرەزا عەباسی، لە ٤ی ئابی 1987 لە تاران (ئێران) لەدایكبووە، ڕووخسارێكی ناسراوی زانستی وەرزشە لە جیهاندا.
لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا لە خولی نایابی فوتساڵی ئێران دەستی بە كاری پیشەیی كردووە و لە تیپی سەعید مەنسوری قەرچاك یاریی كردووە.
عەلیرەزا عەباسی، یەكێكە لە توێژەرە دیارەكانی پزیشكی وەرزشی (تۆپی پێ و فوتساڵ) لە ئاسیا و جیهاندا.
بابەتە سەرسوڕهێنەرەكانی لە جیهاندا دەنگیان داوەتەوە.
لە ساڵی ٢٠٢٠ پرۆفیسۆر عەلیرەزا عەباسی توانی بەناوبانگترین بڕوانامەی ڕاهێنەرایەتی نێودەوڵەتی فیدراسیۆنی جیهانی لە بواری لەشجوانی و لەشجوانی كەسی لە ئەڵمانیاوە وەربگرێت.
هەروەها بڕوانامەی ڕاهێنەری فوتساڵی ئاسیای ئاستی یەكەمی( A) هەیە.
درەوشاوەیی و چالاكیەكانی لە بواری زانستی وەرزشدا وایكرد لە ساڵی ٢٠٢١دا وەك ڕووخسارێكی ناسراوی زانستی فوتساڵ و تۆپی پێ لە جیهاندا بناسرێت.
دەبێت ئەوەش ئاماژە پێبدرێت، كە لە ساڵی ٢٠٢١ وەك شرۆڤەكاری یانەی وەرزشی كایوك لە برازیل دەستنیشانكرا. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ وەك شرۆڤەكار و توێژەر بۆ یانەی ئەندەلوسی مێدێلین (كۆڵۆمبیا) كاردەكات، هەروەها وەك باڵیۆزی منداڵان و هەرزەكارانی كەمپی فوتساڵی ئینگڵاند.
عەلیرەزا عەباسی لە ساڵی ٢٠٢٢ وەك نوێنەری فەرمی فوتساڵی خانمان و پیاوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبی و موسڵمانان لە پاڵەوانێتییە گەورە نێودەوڵەتییەكانی جیهان هەڵبژێردرا.
ئەو راهێنەرە لەرێگەی زاری كرمانجی ـەوە ئارەزووی خۆی بۆ كاركردن لەهەرێمی كوردستان دەردەبڕێت و باسی نزیكترین پلانی دەكات:”
لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەكردنی تیپێكم بۆ ئەوەی ڕەوانەی پاڵەوانێتیی خوار 19 ساڵی ئاسیا لەسەر ئاستی پیاوان بكرێن.”
دەشڵێت:” لەنزیكەوە ئاگادارم كە لەهەرێمی كوردستان گرنگیەكی زۆر بەوەرزش دەدرێت و فوتساڵیش بەتایبەتی، زۆر كەیف ساز دەبم بتوانم ئەزموونی خۆم بهێنمە كوردستان و خزمەتی رەوشی فوتساڵ بكەم.”
درێژەی پێدەدات:” پێویستە قوتابخانەیەك بكرێتەوە بۆ پێگەیاندنی یاریزان لە تەمەنی منداڵییەوە لەلایەن كەسانی ئەكادیمییەوە، جگە لەمەش كردنەوەی پاڵەوانێتی زیاتر بۆ تیپەكان زۆر گرنگە و ئەمەش ھۆكارە بۆ ئەوەی ئاستی یاریزانان و یارییەكە بەرز ببێتەوە، هەروەها نەبوونی پاڵەوانێتی ھۆكارێكی سەرەكییە بۆ دابەزاندنی ئاستی تیپەكان، چونكە لە كوردستان ھەتا دڵنیا نەبن لە كردنەوەی پاڵەوانێتی تیپەكان، راھێنانی باش ئەنجام نادەن، ئەمەش دەبێتە ھۆكار بۆ ئەوەی ئەم یارییە بەرەو پێش نەچێت و ئاستەكەی لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە.”